نێچیرڤان بارزانی بۆ كەناڵی RT رووسیا:
بەغدا ناتوانێ پێش بە ئیرادەی سەربەخۆیی بگرێت

:: PM:03:08:18/09/2017 ‌


نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنی "ئار تی" رووسیادا ئاشكرای كرد، توانا و ئیرادەی كورد ئامادەیە بۆ سەربەخۆیی و بەغدا ناتوانێ پێش بەو ئیرادەیە بگرێت. دیمانەكەی تەلەڤزیۆنی ئار تی دیمانەیەكی درێژە و تیایدا كۆمەڵێك پرسیاری پێوەندیدار بە پرسی ریفراندۆم و هەڵویستی وڵاتان و پێشهاتەكانی داهاتوو خستووەتە ڕوو و لێرەدا بەشێك لە دیمانەكە خراوەتە ڕوو.

بە گوتەی سەرچاوەكە، جەنگی دژی داعش لە عێراق خەریكە كۆتای پێ دێت، بەڵام قۆناخی دوای داعش ئاسان نابێت، هەرێمی كوردستان ریفراندۆم بەڕێوە دەبات و پێ ناچێت بەغداش ئەنجامی ریفراندۆمەكە قبووڵ بكات، هەرێمی كوردستان لە رۆژهەڵاتی نیوەراست هەڵكەوتووە و هەرجۆرە گۆڕانكارییەك لە جیۆگرافیای ناوچەكە لەوانەیە ناوچەكە تووشی كێشە و ئاڵۆزی نوێ بكات و لەوانەشە ئەمە یارمەتیدەر بێت بۆ سەقامگیری ناوچەكە.

یەكەم پرسیار كە ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی كراوە، ئەوەیە لە میدیاكان گوێیان لێ بووە كە هەریەك لە ئەمەریكا و ئێران گوشاریان خستووەتە سەر حكوومەتی هەرێمی كورستان بۆ ئەوەی ریفراندۆم دوا بخات، ئایا هەرێمی كوردستان دەكەوێتە ژێر كاریگەری ئەو گوشارانە و دواجار ریفراندۆم دوا دەخات؟. بەڵام نێچیرڤان بارزانی دەڵێت تا ئەو ساتەی قسە دەكات هیچ بڕیارێك لەسەر دواخستن یان ئەنجامنەدانی ریفراندۆم نییە و ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم كار بۆ بەڕێوەچوونی دەكات و بڕیارە لە ٢٥ی ئەم مانگەدا بەڕێوە بچێت.

لەبارەی سەردانەكەی برێت مەكگورگ پرسیار ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی كراوە و ئەویش دەڵێت، پێشتر ئاگاداری هەڵویستی ئەمەریكا بوون و هەمان هەڵویستی پێشووی ئەمەریكا بووە كە پێیان گەیشتووە و جیاوازییەكە لەوەدایە ئەمەیان بە فەرمی هاتووە و لە نزیكەوە پەیامی خۆیان گەیاندووە و ئێمەش  پێمان وابووە كاتەكە بۆ ئێستە زۆر گونجاوە.

بە گوتەی نیچیرڤان بارزانی لە ساڵی ٢٠٠٣ كە عێراق دامەزرا، كورد بۆیە بەشداریی لە دامەزراندنی عێراقی نوێ كرد تا مافەكانی پارێزراو بێت و وڵاتێكی دیموكراتیك و فیدراڵی بێتە كایەوە، بەڵام ئەزموونی ١٢ تا ١٣ ساڵ بە یەكەوە كاركردن نیشانی داوە كە ئەو ئەزموونە سەركەوتوو نەبووە و خەڵكی كوردستان دەنگیان بە دەستوورێك دا كە مافیان بپارێزێت، كەچی مافیان خورا و دەستوور جێبەجی نەكرا و ئێستەش چیتر ئەم دۆخە تەحەمول ناكەن و دەیانەوێت رێی خۆیان هەڵبژێرن.

ئەو لەبارەی راگەیاندنی سەربەخۆیی روونی دەكاتەوە كە كاتێك باس لەوە دەكرێت ٢٥ی ئەیلوول ریفراندۆم دەكرێت، ئەوە بەو واتایە نییە رێك لە دوای ریفراندۆم سەربەخۆیی رادەگەیەنن، لە راستیدا ئەمە نیشاندانی ئیرادەی خەڵكە و دەیانەوێت بزانن ئەو خەڵكە چ داواكارییەكی هەیە و دەیانەوێت ئەو ئەنجامەش لە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا لە داهاتوودا تاوتوێ بكەن و لەگەڵ بەغدا بكەونە گفتوگۆوە.

"ئێمە لە جەنگی دژی داعش سەركەوتین و دەمانەوێت بەردەوام بین لە هاوكاریكردن لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و تەنانەت لەو هاوكارییانەش كە لەگەڵ سوپای عێراق كردوومانە زۆر سەركەوتوو بووین، هیچ ئەلتەرناتیڤێكیش تا ئێستە باشتر لەو هەنگاوە نەدۆزراوەتەوە تا رازیمان بكات واز لە ریفراندۆم بهێنین."

بە بۆچوونی نێچیرڤان بارزانی قۆناخی دوای ریفراندۆم لەگەڵ پێش ریفراندۆم جیاوازی هەیە، دوای رێفراندۆم ناچارن لە گفتوگۆكانیان لەگەڵ بەغدادا رژدتر ببن و بە پێگەیەكی باشترەوە لەگەڵ بەغدا دەكەونە گفتوگۆوە بەراورد بە رابردوو، ئەو پێی وایە هاوبەشیكردن لەگەڵ عێراق بەداخەوە بوونی نەماوە و دەكرێ بگوترێت هەرگیز ئەو هاوبەشییە نیشتمانییە لەگەڵ عێراقدا نەبووە و مافەكانی كوردستان نەپارێزراوە.

پرسیاری ئەوە لە نێچیرڤان بارزانی كراوە ئەگەر حكوومەتی عێراق هەڵبژاردنەكە رەت بكاتەوە، ئەوا هەڵویستیان چی دەبێت؟ ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت خۆ عێراق هەڵوێستی خۆی هەرزوو راگەیاندووە و لە پەرلەمانەوە دژایەتی ریفراندۆمی كردووە، بەڵام هیچ كام لەو هەڵوێستانە ناتوانێت كاریگەریی لەسەر پرۆسەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان هەبێت. ئامانجی هەرێمی كوردستان ئەوەیە بە ئاشتییانە كێشەكان چارسەر بكات و لە دوای ریفراندۆمیش بە رژدی و ئاشتییانە لەگەڵ بەغدا بكەوێتە گفتوگۆ و جیابوونەوەیەكی ئاشتیانە روو بدات.

لەبارەی پرسی سنووری نێوان عێراق و هەرێمی كوردستانیش نێچیرڤان بارزانی گوتی، هیچ لایەنێك نییە سنوور دیاری بكات، بەڵكو ئەوە خەڵكی ناوچەكەن كە خۆیان بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن لەگەڵ بەغدادا بمێننەوە یان هەرێمی كوردستان هەڵبژێرن. لە پێوەندی لەگەڵ پرسی ئابووری و دروستنەبوونی كێشەی ئابووری دوای ریفراندۆمیش ئاماژەی بەوە كرد كە سێ ساڵە هەرێمی كوردستان لە تەنگژەی داراییدایە و ئەگەر یەكێك لە هۆكارەكان دابەزینی نرخی نەوت بووبێت، ئەوا هۆكارە سەرەكییەكە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ حكوومەتی عێراق بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕی و خەڵكی كوردستانی لە مووچە و مافی بنەڕەتی خۆیان بێبەش كرد.







وشە - سلێمان تاشان