سلێمانی دژی بڕیارێكی پەرلەمانی عێراق دەوەستێتەوە

:: PM:03:46:18/09/2017 ‌
سبەی لە شاری سلێمانی بۆ سەركۆنەكردنی بڕیاری پەرلەمانی عێراقی دژ بە مافی خەڵكی كوردستان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی، گردبوونەوەیەك ئەنجام دەدرێت.

ئەمڕۆ دووشەم 18ی ئەیلوول، دەشتی جەمال لە ناوەندی سەربەخۆیی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لەسەر بانگەوازی ناوەندی سەربەخۆیی كوردستان ئەمڕۆ دوای كۆبوونەوەیەك لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەكان، بڕیار دراوە كە سبەی بۆ سەركۆنەكردنی بڕیاری پەرلەمانی عێراق دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، گردبوونەوەیەك ئەنجام بدرێت.

زیاتر گوتی، لە گردبوونەوەكەدا هەڵوێستی حزبەكان دژی ئەو پەرلەمانەی عێراق دەخەینە ڕوو كە پەرلەمانی عێراق داوای ڕاگرتن و هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ڕیفراندۆم لە كاتێكدایە ئەوە مافی ئاسایی خەڵكی هەرێمی كوردستانە.

ڕوونی كردەوە كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی قەرزاری پرسی كوردە و ڕێ نادەین پەرلەمانی عێراق دژایەتی ئەو مافە بكات و لە داهاتوو هەڵوێستی ترمان دەبێت.
 
هاوكات بەپێی ئاگەدارییەكی گردبوونەوەكە، سبەی سەعات 11ی سەرلەبەیانی لە بەردەم نووسینگەی پەرلەمانی عێراق لە شاری سلێمانی لە گەڕەكی ئاشتی بەڕێوە دەچێت.

لە چەند ڕۆژی رابردوودا پەرلەمانی عێراق بەبێ‌ ئەوەی پێشتر لە بەرنامەی دانیشتنەكەیدا بێت، بڕیارێكی دژی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەركرد و ئەوەش كاردانەوەی بەداوا داهات.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم