قەتەڕ 24 فڕۆكەی جەنگیی تایفۆن لە بەریتانیا دەكڕێت

:: PM:04:23:18/09/2017 ‌

حكوومەتی قەتەڕ لەگەڵ حكوومەتی بەریتانیا رێك كەوت لەبارەی كڕینی ٢٤ فڕۆكەی جەنگیی و ئەو رێككەوتنەش لە كاتێدا دەكرێت كە هێشتا گرژی و ئاڵۆزییەكانی نێوان ئەو وڵاتە لەگەڵ وڵاتانی سعوودیە، ئیمارات، میسر و بەحرێن كۆتای پێ نەهاتووە.

مایكڵ فالون وەزیری بەرگریی بەریتانیا ئەو گرێبەستەی بە گرێبەستێكی گرینگ لەگەڵ یەكێك لە هاوپەیمانەكانی هەژمار كردووە و باسی لەوەش كرد كە ئەو فڕۆكانە بە هاوكاری هەریەك لە وڵاتانی ئیتاڵیا بەریتانیا و كۆمپانیای ئەیرباس دروست دەكرێن.

بەگوێرەی "rfi" هەر لە ساڵی ٢٠١٤ و هەمان گرووپی بەرهەمهێنەری فڕۆكەی تایفۆن ٧٢ فڕۆكەی بە بەهای پێنج ملیار یۆرۆ بە سعوودیە فرۆشت و ئەو وەزیرەی بەریتانیا گوتی وڵاتەكەی هەوڵ دەدات لە فرۆشتنی ئەو جۆرە فڕۆكانە بەردەوام بێت.

لە حوزەیرانی رابردووش دوای تێكچوونی پێوەندی نێوان قەتەڕ و ژمارەیەك وڵاتی عەرەبی، بە بەهای ١٢ ملیار دۆلار فڕۆكەی ئێف ١٥ی كڕی و گرێبەستەكەش لەگەڵ كۆمپانیای بویینگ واژوو كرا. هاوكات ئەو وڵاتە لەگەڵ ئیتاڵیاش گرێبەستی كردووە بۆ كڕینی حەوت كەشتی گەورەی جەنگیی بە بەهای پێنج ملیار دۆلار.

قەتەڕ بە یەكەم وڵاتی هەناردەكەری گازی سروشتی لە دنیادا هەژمار دەكرێت.






وشە - سلێمان تاشان