پەرلەمانتارانی كورد دەگەڕێنەوە كوردستان

:: PM:04:28:18/09/2017 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رای گەیاند، كە سەرجەم پەرلەمانتارانی كوردستان بڕیاریان لە فراكسیۆنەكانیان وەرگرتووە و ئەمڕۆ دەگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان.

ئەمڕۆ دووشەم 18ی ئەیلوول، ئەشواق جاف ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە" ی ڕاگەیاند، دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراق بۆ ئەم هەفتەیە كۆتای هاتووە و پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا ئەمڕۆ بە بڕیاری فراكسیۆنەكانیان دەگەڕێنەوە بۆ كوردستان.

زیاتر گوتی، ئێستە پێیان ڕاگەیەنراوە كە سەلیم جبووری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دانیشتنێكی ئەنجوومەنەكەی خستووەتە بەیانی، لەكاتێكدا پێشتر هیچ ئاگەدارییەك لەمبارەیەوە نەبووە.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق باسی لەوە كرد كە تا ئێستە ڕوون نییە بەشداری دانیشتنەكانی تری پەرلەمانی عێراق دەكەن یان نا.

دوابەدوای بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان كە بڕیارە 25ی ئەیلوول بەڕێوە بچێت، پەرلەمانی عێراق وەك چەندان جاری تر دەستی داوەتە دەركردنی كۆمەڵێك بڕیار و بەزۆرینەی سیاسی تێی دەپەڕێنێت زۆر لەم بڕیارانەش كارادنەوەی لە لایەن كوردەوە لێ‌ دەكەوێتەوە.

دوایین بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لادانی نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركووكە بەبیانووی ئەوەی ڕێی داوە ڕیفراندۆم لە كەركووك ئەنجام بدرێت.
 





وشە - سه‌رخێڵ هاشم