وەزیرێكی دیاری گۆڕان دەستی لە حزبەكەی كێشایەوە

:: PM:05:41:18/09/2017 ‌
هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان و  وەزیری دارایی  و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەست لەكار كێشانەوەی لە گۆڕاندا, ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ دووشەم 18ی ئەیلوول، ڕێباز حەملان هەڵسوڕاو و وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەست لەكار كێشانەوەی لە بزووتنەوەی گۆڕان ڕاگەیاند.

بەپێی نامەی دەست لەكار كێشانەوەی ڕێباز حەملان هەڵسوڕاو و وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە "وشە" بڵاو دەكاتەوە تێیدا هاتووە، لە ماوەی ڕابردوودا, چەندان پڕۆژەی چاكسازی و كاركردنی پێشكەش بە بزووتنەوەكە كردبوو و نامەی تایبەتی بۆ ڕێكخەری گشتی ناردبوو، بەڵام وەڵام نەدراوەتەوە.

لە نامەكەیدا هاتووە، ئێستە هەرێمی كوردستان بە دۆخێكی ئاڵۆزی سیاسیی و مێژوویدا تێدەپەڕێت و پرسێكی گرنگی نیشتمانی و چارەنووس سازی وەك ڕیفراندۆم و سەربەخۆی لە ئارادا هەیە و تەواوی مەرجەكانی گۆڕانیش بۆ بەشداری كردنەوەیان لە پرۆسەی سیاسیی لادراوە، بەڵام جڤاتی نیشتمانی گۆڕان نەیتوانی بڕیار بدات و كەوتنە ژێر كاریگەریی هێندێ كەسی نابەرپرس و ئەوانە ئارەزووی موزایەدەیان هەیە، بەڵام زۆرن ئەوانەی لە ناو گۆڕاندا هەمان بیركردنەوەی منیان هەیە.

لە كۆتاییدا ڕوونی كردووەتەوە، كە ئەو لە پێناو خوێنی شەهیدان و ڕۆحی باوكی وەك پێشمەرگەیەك و خەباتكارێكی كورد و گەیشتن بە ئامانجی گەورەی كورد و دەوڵەت و سەربەخۆیی كوردستان، ئامادەنیم چیتر لە ناو گۆڕان كار بكەم.















وشە - سه‌رخێڵ هاشم