فرۆكە سەربازییەكانی توركیا دەڤەری برادۆست بۆردومان دەكەن

:: PM:09:18:18/09/2017 ‌
فڕۆكە سەربازییەكانی توركیا بە مەبەستی لێدان لە بنكە و بارەگەكانی پەكەكە بۆردومانی دەڤەری "برادۆست" لە سنووری كارگێڕی شارەدێی سیدەكانی سەر بە شارۆكەی سۆران دەكەن و تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵە بۆردومانەكە بەردەوامە.

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم 18ی ئەیلوول،  ئیحسان عەبدولقادر چەلەبی بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان بە " وشە "ی راگەیاند، لە سەعات هەشتی ئەم شەوەوە دوو فڕۆكەی سەربازیی توركیا بە مەبەستی لێدان لە بنكە و بارەگەكانی پەكەكە بوردومانكردنی ئەو سنوورەیان دەست پێ كردووە.

زیاتر گوتی، پێش بۆردومانەكە فڕۆكەیەكی چاودێری بەسەر ئاسمانی سیدەكان سووڕایەوە و دواتر فڕۆكەیەكی جەنگی دەڤەرەكەی بەچڕی بۆردومان كرد.

ڕوونی كردەوە كە بۆردومانەكە هیچ زیانێكی گیانی نەبووە جگە لە زیانی زۆری  ژینگەیی  و ئاگر لە چیاكان و شوێنی بۆردومانەكە كەوتووەتەوە.

شارەدێی سیدەكان ساڵی 1932 بووەتە شارەدێ لە ڕووی كارگێڕیەوە سەر بە شارۆكەی سۆرانە لە پارێزگەی هەولێر، سیدەكان بە دووری 142 كم لە بەشی باكووری ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر هەڵكەوتووە، تا پێش ساڵی 1996 بە فەرمی هەر بە شارەدێی برادۆست دەناسرا .

سیدەكان - موڕشید برادۆستی





وشە - سه‌رخێڵ هاشم