لە درێژەی هەڵمەتەكانی
بانگەشەكردن و پاڵپشتیكردن لە پرۆسەی ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان بەرەو سەربەخۆیی،
نووسەرانیش بە سەرنج و تێبینی، ڕای خۆیان دەردەبڕن.
تەڵعەت تاهیر
حەمەدعەلی، جێگری ڕاگرایەتی کۆلێژی و مامۆستای زانکۆ، لە بارەی پاڵپشتیی ڕیفراندۆمەوە
بە "وشە"ی ڕاگەیاند: بەدڵنیاییەوە ئەم گشتپرسیە بۆ بنیاتنانی پایەکانی دەوڵەتی
کوردی بایەخ و گرنگی خۆی هەیە و بە پێچەوانەی ڕای نەیاران، دەبێتە فاکتەری لێکنزیکبوونەوەی
وڵاتانی پڕ ئاریشە و کێشەی ناوچەکە، کە لێوان لێوە لەپێشێلکردن و پشتگۆخستنی مافەکانی
مرۆڤ و مافی نەتەوەکان و ئایین و ئایینزاکان."
زیاتر گوتی: "دەوڵەت،
فاکتەری بەرقەراری و چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و دواجار دروستکەری
دامەزراوە و ئۆرگانی فەرمی و یاسایییە، کە تیایدا وێڕای ڕەخساندنی هەل و دەرفەتی یەکسان
بۆ بەشداری پسپۆڕان لە کایەکانی سیاسی و ئابووری و پەرەردە و کۆمەڵایەتی دەبێتە هۆی
بنبڕکردنی گەندەڵی و چەسپاندی یاسا و دادپەروەری و بەرەو کەناری ئارامی پێکەوە ژیان
هەنگاو دەنێن."
ئەم
مامۆستایەی زانکۆ دووپاتیشی کردەوە: "ڕاستییەکەی، زۆر گرنگە چەمکەکانی دەوڵەت
و حکوومەت لێک جیا بکرێتەوە و تاوەکوو کیان و دەوڵەتێکی سەربەخۆ نێتە ئاراوە، حوکمڕانی
دادپەروەرانە، کە لە خزمەتی بەرژەوەندییە باڵای کوردستان بێت نایێتە ئاراوە، بۆیە
هەمووان وێڕای تێبینی و هەڵوێستەمان لە سەر شێوازی حوکمڕانی ڕابردوو بە پەرۆشەوە دەبێت
بەرەو کۆماری کوردستان هەنگاو بنێین و لە ژێردەستەیی ڕزگارمان بێت."