چه‌ند گه‌نجیك كه ئاماده‌ى كه‌رنه‌ڤاڵى نه‌خێر بوون له یاریگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى سلێمانى، باس له‌وه ده‌كه‌ن له كۆمپانیا و دامه‌زراوه‌كانى شاسوار عه‌بدولواحید كار ده‌كه‌ن و ئه‌و ڕۆژه پێیان گوتراوه ئه‌گه‌ر نه‌چن بۆ كه‌رنه‌ڤاڵه‌كه، ڕۆژى دواتر نه‌یه‌نه‌وه سه‌ر كاره‌كانیان. به‌ره‌ى نه‌خێریش ئه‌و زانیارییانه ڕه‌ت ده‌كاته‌وه.
ڕۆژى 9ى ئه‌م مانگه به‌ره‌ى نه‌خێر له یاریگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى سلێمانى كه‌رنه‌ڤاڵى نه‌خێرى ساز كرد، به‌ڵام سه‌ره‌ڕاى نانه‌وه‌ى ده‌نگۆیه‌كى زۆر، خه‌ڵكێكى زۆر كه‌م ئاماده‌ى كه‌رنه‌ڤاڵه‌كه بوون، به‌ڵام به‌شێكى ئه‌و ژماره كه‌مه‌یش وه‌ك خۆیان ئاماژه‌ى پێ ده‌كه‌ن "له كۆمپانیا و دامه‌زراوه‌كانى شاسوار عه‌بدولواحید، كه وه‌ك ڕابه‌رى به‌ره‌ى نه‌خێر سه‌یر ده‌كرێت، ئیش ده‌كه‌ن و به زۆر براون" بۆ ناو یاریگه‌كه.
سه‌ردار كه‌مال گه‌نجێكى ته‌مه‌ن 28 ساڵه و وه‌ك كارمه‌ند له‌ناو چاڤى لاند كار ده‌كات و پیشه‌كه‌ى بریتییه له ئیشپێكردنى یه‌كێك له یارییه‌كانى ناو پڕۆژه‌كه، ئه‌و به"وشه"ـى ڕاگه‌یاند، دوو ڕۆژ به‌ر له واده‌ى ده‌ستپێكردنى كه‌رنه‌ڤاڵه‌كه، له‌لایه‌ن نووسینگه‌ى شاسوار عه‌بدولواحیده‌وه پێى ڕاده‌گه‌یه‌نرێت ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕۆژه نه‌چێته ناو یاریگه‌كه، ئه‌وا بۆ ڕۆژى دواتر نه‌یه‌ته‌وه سه‌ر كاره‌كه‌ی.
سه‌ردار ئاشكراى كرد، ئه‌وه‌نده‌ى ئاگادار بووه ئه‌و په‌یامه به هه‌موو ئه‌وانه گه‌یه‌نراوه كه له پرۆژه‌كانی شاسوار عه‌بدولواحید ئیش ده‌كه‌ن.
دیاریكردنى واده‌ى ڕیفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیى كوردستان له 25ى ئه‌م مانگه‌دا ناكۆكى له ناوخۆى هه‌رێم دروست كردووه و به‌ره‌یه‌كى دژه ڕیفراندۆم به ناوى "نه‌خێر له ئێستادا" دروست كراوه و داوا ده‌كه‌ن خه‌ڵك به نه‌خێر ده‌نگ به ڕیفراندۆم بده‌ن.
چێنه‌ر جه‌مال یه‌كێكى تره له‌و گه‌نجانه‌ى له كه‌ناڵى "ئێن ئاڕ تى دوو" ئیش ده‌كات و ته‌مه‌نى 31 ساڵه، ئه‌ویش به‌هه‌مانشێوه‌ی ئه‌و كارمه‌نده‌ى پێشوو، ئاگادار كراوه‌ته‌وه كه پێویسته له ڕۆژى كه‌رنه‌ڤاڵ له یاریگه ئاماده بێت.
چێنه‌ر به"وشه"ـى گوت، "زیاد له جارێك ناڕاسته‌وخۆ پێمان گوترا ده‌بێت له‌ناو یاریگه‌كه ئاماده بین، به‌ڵام به‌شێوه‌ى ڕاسته‌وخۆ ڕۆژێك پێش كه‌رنه‌ڤاڵ له‌لایه‌ن نووسینگه‌ى شاسوار عه‌بدولواحید ئاگادار كراینه‌وه كه ده‌بێت له یاریگه‌كه ئاماده بین، ئه‌گه‌رنا لێپێچینه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت".
به‌پێى زانیارییه‌كانى به‌رده‌ست "وشه"، ئاگاداركردنه‌وه‌ى ئه‌و كارمه‌ندانه به زاره‌كى بووه و له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكه‌وه له نووسینگه‌ى شاسوار عه‌بدولواحید هاتوونه‌ته راسپاردن، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه بووه تا نووسراوه‌كه دزه نه‌كاته ناو ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه و ئه‌و ره‌فتاره ئاشكرا نه‌بێت.
ئه‌گه‌رچى كه‌رنه‌ڤاڵه‌كه زۆر گه‌وره پیشان درا، به‌ڵام چۆڵیى یاریگه‌كه له كاتى كه‌رنه‌ڤاڵدا بووه جێى قسه‌وباسى خه‌ڵكى له‌ناو تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌ره‌ى ده‌وڵه‌تی كوردستان ئه‌وه‌یان به سه‌ركه‌وتنى ئیراده‌ى به‌ڵێ به‌سه‌ر نه‌خێردا لێك دایه‌وه.
ڕابوون مه‌عرووف گوته‌بێژى به‌ره‌ى نه‌خێر له ئێستادا، بۆ "وشه" ته‌نیا گوتى، "ئه‌و قسه و موهاته‌راتانه ناڕاستن و بۆ شكاندنى به‌ره‌ى نه‌خێره".
به‌پێى زانیارییه‌كانى "وشه"، چه‌ند كه‌سێك به‌رده‌وام به‌ناو یاریگه‌كه‌دا چاودێرى كارمه‌ندانى دامه‌زراوه‌كانى شاسوار عه‌بدولواحیدیان كردووه تا بزانن كێ هاتووه و كێ نه‌هاتووه، ئه‌و كه‌سانه‌یش له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه ناسراونه‌ته‌وه كه پێشتر پێیان گوتبوون ده‌بێت له‌و ڕۆژه‌دا له ناو یاریگه‌كه ئاماده بن.
تێبینى: ناوه‌كان خوازراون