هه‌رێم جه‌مال: له‌ كوردستاندا هونه‌ر په‌راوێز خراوه‌

:: AM:09:01:19/09/2017 ‌

هه‌رێم جه‌مال وه‌ك هه‌ر منداڵێكی تر له‌ قۆناغی منداڵیدا خولیای وێنه‌كێشانى هه‌بوو، له‌ قۆناغی خوێندنی سه‌ره‌تایی له‌به‌رئه‌وه‌ی په‌نابه‌ر بوونه‌ له‌ ئێران، باری دارایییان باش نه‌بووه‌، به‌ڵام له‌ خوێندنگه‌ چه‌ند جار به‌هۆی وێنه‌كێشان خه‌ڵاتیان كردووه‌ و قه‌ڵه‌م بۆیه‌یان پێ به‌خشیوه‌. دواتر گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ كوردستان و خوێندنی ئاماده‌یی ته‌واو كرد. له‌ كۆلێجی هونه‌ر وه‌رگیرا و خوێندنی زانكۆى ته‌واو كرد و ئێسته‌ مامۆستایه‌ له‌ په‌یمانگه‌ی گه‌شه‌پێدانی په‌روه‌رده‌یی. وه‌ك كاری هونه‌ریش نه‌وه‌ستاوه‌ و تا ئێسته‌ پێنج پێشانگه‌ی تایبه‌تی كردووه‌ته‌وه‌ و زیاتر له‌ ٣٠ پێشانگه‌ی هاوبه‌شیش به‌شداریى كردووه‌. دوو كتێبی هونه‌ریشى وه‌رگێراوه‌ كه‌ به‌هۆی ته‌نگژه‌ی دارایی له‌ چاپ نه‌دراون. "وشه‌" ئه‌م دیمانه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ شێوه‌كار هه‌رێم جه‌مال ساز كردووه‌. 

كاره‌ هونه‌رییه‌كانی تۆ به‌چی له‌ كاری شێوه‌كاره‌كانی تر جیا ده‌كرێته‌وه‌؟ 
- ده‌بێ بینه‌ر بڵێ به‌ چی جیا ده‌كرێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وانن به‌ر تابلۆكانی من ده‌كه‌ون و ده‌ڵێن ئه‌وه‌ كاری هه‌رێمه‌. ئه‌و پرسیاره‌ پێویسته‌ ئاراسته‌ی بینه‌ر بكرێ، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی دێته‌وه‌ به‌رگوێم، كاره‌كانی من ره‌نگه‌ به‌ رێباز و هه‌ڵبژاردنی بابه‌ته‌كانم بناسرێته‌وه‌. بۆ نموونه‌ ماوه‌یه‌ك كارم له‌سه‌ر كه‌سایه‌تییه‌ ناوداره‌كانی كورد و شاعیر و نووسه‌ران ده‌كرد و زۆر له‌و كه‌سایه‌تییانه‌م دروست كردبووه‌وه‌، به‌و شێوه‌ كاتێ پۆرترێته‌كانی منیان ده‌دی ده‌یانناسییه‌وه‌، یا ره‌نگه‌ ئه‌و ته‌كنیك و شێوازه‌ی دووباره‌ ده‌بووه‌وه‌ له‌ كاره‌كانم، بووبن به‌هۆی ناسینه‌وه‌ی كاره‌كانم.

جیاوازی چییه‌ له‌ نێوان وێنه‌كێش و شێوه‌كار، ئه‌وه‌ له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا تێكه‌ڵ بووه‌؟
- وێنه‌كێش ره‌نگه‌ ته‌نیا بۆ ئه‌و شتانه‌ بڕوات كه‌ ده‌یبینێ یا جوانن به‌لایه‌وه‌، هه‌وڵ ده‌دات به‌ جوانی دروستی بكاته‌وه‌، چونكه‌ جوانییه‌كه‌ لای ئه‌و مه‌به‌سته‌، به‌ڵام شێوه‌كار به‌ده‌ر له‌وانه‌ هه‌نگاو بۆ نه‌بینراوه‌كان ده‌نێت و هه‌ندێ جار جوانی لای ئه‌و هیچ گرنگ نییه‌ هێنده‌ی ئه‌وه‌ی په‌یامه‌كه‌ بگه‌یه‌نێت. هه‌ندێ جار شێوه‌كار ره‌نگه‌ شتێك یا بابه‌تێك هه‌ڵبژێرێت كه‌ كه‌سێكی ئاسایی كاتێك رووخسار و شێوه‌ی ده‌ره‌وه‌ی كاره‌كه‌ ببینێ، گرنگ نییه‌ به‌لایه‌وه‌، به‌ڵام شێوه‌كاره‌كه‌ ناوه‌ڕۆكی كاره‌كه‌ی لا مه‌به‌سته‌ و له‌و رێیه‌وه‌ په‌یامه‌كه‌ی ده‌گه‌یه‌نێت.
 
به‌ به‌راورد به‌ هونه‌ره‌كانی تر، له‌ كوردستان بۆچی شێوه‌كاری ده‌خرێته‌ په‌راوێزه‌وه‌؟
- نه‌ك هه‌ر به‌ ته‌نیا شێوه‌كاری، به‌ڵكو ئه‌مڕۆ له‌ كوردستاندا زۆر له‌ هونه‌ره‌كان له‌ په‌راوێزدان، ئه‌گه‌ر ئه‌و پرسیاره‌ له‌ شانۆكارێك بكه‌ی و بڵێی بۆ هونه‌ری شانۆ له‌ په‌راوێزدایه‌؟ یا بۆ هونه‌ره‌كانی تریش دیسان دروسته‌ و هه‌ریه‌كه‌ گیروگرفتی خۆی هه‌یه‌. به‌ڵام له‌باره‌ی شێوه‌كاری سه‌ره‌تاكه‌ی ده‌گه‌ڕێنمه‌وه‌ بۆ رۆشنبیریی خه‌ڵك به‌ تایبه‌تی، ئه‌وجا لایه‌نه‌كانی تر وه‌ك حكوومه‌ت و.. هتد. له‌به‌رئه‌وه‌ی ‌هێشتا خه‌ڵك به‌ گشتی هێنده‌ رۆشنبیر نه‌بوونه‌ سه‌ردانی پێشانگه‌كان بكه‌ن و بڕۆنه‌ ناو گه‌له‌ریی هونه‌ریی و كاری شێوه‌كاری ببینن، ‌چجای بیه‌وێ تابلۆیه‌ك بكڕێ و له‌ ماڵه‌كه‌ی هه‌ڵیواسێ! ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ په‌روه‌رده‌ی خێزان ئه‌وجا خوێندنگه‌كان. كاتێك منداڵ له‌ منداڵییه‌وه‌ فێری ئه‌وه‌ كرا رێزی كاری هونه‌ری بگرێ و له‌ نرخ و به‌های تێ بگات، یا له‌ پرۆگرام و میتۆدی خوێندنگه‌كان وه‌ك وانه‌كانی تر، هونه‌ر په‌ره‌ی پێ بدرێ، ئیتر له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بوونی ئه‌و منداڵه‌ ئه‌گه‌ر نه‌شبێت به‌ هونه‌رمه‌ند، به‌ڵام نرخ و گرنگی كاری هونه‌ری درك پێ ده‌كات، ئه‌وكات نه‌وه‌یه‌كی رۆشنبیر و هونه‌ردۆست دروست ده‌بێت و پێشانگه‌كان و شوێنه‌ هونه‌رییه‌كان پڕ ده‌بن له‌ بینه‌ر و ماڵه‌كان تابلۆ و كاری هونه‌ری كوردی تێدا هه‌ڵده‌واسرێ. له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌ش كارئاسانی و هاوكاری و خه‌مخۆری حكوومه‌ت بۆ كاری هونه‌ری و به‌ تایبه‌ت شێوه‌كاری، ڕۆڵی گرنگی هه‌یه‌.

ئایا رۆشنبیریی له‌ناو شێوه‌كارانی كورد بووه‌ته‌ پێویستییه‌كی كاركردن؟ 
-به‌ڵێ وه‌ك پیشتر گوتم به‌ هه‌مانشێوه‌ رۆشنبیریی شێوه‌كار كاریگه‌ریی زۆری هه‌یه‌ له‌سه‌ر كاره‌كانی، ئه‌گه‌ر شێوه‌كار رۆشنبیر نه‌بێ چۆن به‌ر رووداوه‌كان ده‌كه‌وێ و هه‌ستیان پێ ده‌كات، چۆن بتوانێ ده‌ربڕی كاره‌ هونه‌رییه‌كه‌ت بێت. هه‌ر رووداو بارودۆخێك و ته‌نانه‌ت بینینی منداڵێكی سه‌رشه‌قام كه‌ خه‌ریكی كاركردنه‌، سه‌ره‌تا ده‌بێ هونه‌رمه‌ند هه‌ستی پێ بكات و ببێت به‌ هه‌وێنێك بۆ كاره‌كه‌ی و ده‌ریببڕێ.

جگه‌ له‌ هونه‌ری شێوه‌كاری، حه‌زت له‌ چ هونه‌رێكی تره‌؟ 
- ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستت له‌ حه‌ز بینین و چێژوه‌رگرتن بێت، من چێژ له‌ زۆر له‌ هونه‌ره‌كان وه‌رده‌گرم، هه‌ریه‌كه‌ چێژێكی تایبه‌تی هه‌یه‌، به‌ڵام خۆم حه‌زم له‌ موزیكه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌ری ئه‌نیمه‌یشن.

له‌ هونه‌ری شێوه‌كاریدا ره‌خنه‌گری رژد و ئه‌كادیمیمان هه‌یه‌؟ یان تۆ قه‌ت ڕووبه‌ڕووی ره‌خنه‌ بوویته‌وه‌؟
- ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادار بم نه‌خێر نیمانه‌، چونكه‌ كه‌ ده‌ڵێی ره‌خنه‌گری هونه‌ری، پێویسته‌ به‌ ڕاستی پسپۆڕ بێت له‌و بواره‌ و ڕه‌خنه‌ بووبێت به‌ ئه‌رك و پیشه‌ و هونه‌ریی ئه‌و كه‌سه‌ و ڕه‌خنه‌كانی ئه‌كادیمی بن. ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌یبینین كه‌سێك یا هونه‌رمه‌ندێك دێته‌ پێشانگه‌یه‌ك و بۆچوونی خۆی ده‌ڵێ له‌سه‌ر كاره‌ هونه‌رییه‌كان، ئه‌وه‌ ڕه‌خنه‌ نییه‌، بۆچوون و پێشنیاری ئه‌و كه‌سه‌یه‌. ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌گری راستی هه‌بێ و پسپۆڕی و شاره‌زایی له‌ ره‌خنه‌ی هونه‌ریدا هه‌بێت، ئه‌وكات من یا هونه‌رمه‌ندێك كه‌ ره‌خنه‌ی له‌ كاره‌كه‌ی ده‌گیرێ، به‌ ئاگایییه‌وه‌ گوێ شل ده‌كه‌ین بۆ ڕه‌خنه‌كانی، بگره‌ سوودیشی لێ ده‌بینین، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ره‌خنه‌ نه‌بێت كاری هونه‌ریی باشتر و به‌ره‌وپێش ناچێت. بۆیه‌ زۆر كاری هونه‌ری ئاستنزم ده‌بینین و به‌سه‌رماندا تێ ده‌په‌ڕێ چونكه‌ ره‌خنه‌گری ئه‌كادیمیمان نییه‌. بێگومان رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌ بوومه‌ته‌وه‌ و سوودیشم لێ بینیوه‌.

حه‌زت له‌ كاری كام شێوه‌كاری كورد و جیهانییه‌؟
- ئێسته‌ هونه‌ری شێوه‌كاری و به‌تایبه‌ت نیگاركێشان فراوان بووه‌ كه‌ رۆژانه‌ كاری زۆر ناوازه‌ ده‌بینین، هه‌روه‌ها به‌هۆی پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆجیا، كاری هونه‌رمه‌ندانی ده‌ره‌وه‌ به‌ خێرایی دێته‌ به‌رچاومان، بۆیه‌ ناتوانم دیاری بكه‌م كه‌ حه‌زم له‌ كاری كام هونه‌رمه‌نده‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌ك نموونه‌ وه‌ریبگرین له‌ كورده‌كان كاره‌كانی هونه‌رمه‌ندان لاله‌ عه‌بده‌، سمكۆ تۆفیق، یا ئازاد شه‌وقی خوالێخۆشبوو جێی سه‌رنج و تێڕامانه‌. له‌ناو هونه‌رمه‌ندانی بیانیش وه‌ك: David Cheifetz , Jeremy Mann , Guillermo Lorca

*وه‌ك شێوه‌كار په‌یامت چییه‌؟
- هیوادارم خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگه‌ به‌ گشتی نزیك ببنه‌وه‌ له‌ هونه‌ر، چونكه‌ ئه‌وان به‌شێكن له‌ كاره‌ هونه‌رییه‌كه‌، ئه‌گه‌ر بینه‌ری نه‌بێت كاری هونه‌ریی به‌ ته‌واونه‌كراوی ده‌مێنێته‌وه‌، به‌ بینین و تێڕامانی ئه‌وان كاره‌كه‌ كامڵ ده‌بێت. له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌ بێ رۆشنبیریی هونه‌ری، هونه‌ر به‌ره‌وپێش ناچێ.

وشه‌/ هه‌ورین نه‌جات








وشە - تایبه‌ت