كێشەی پێكانی یاریزانان بەردەوامە.. ئەمجارە یانەی بایرن میونشن دەگرێتەوە

:: AM:09:51:19/09/2017 ‌

ئەمە مانگە بۆ بەشێكی زۆری یانە گەورەكانی ئەوروپا نەهامەتی و لەدەستدانی ئەستێرە گەورەكان بوو و ئەمجارەشیان یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی سەرەكیترین یاریزانی بۆ ماوەیەكی زۆر لەدەست دا.

رۆژنامەی (بیڵد)ی ئەڵمانی بڵاوی كردەوە: دوێنێ دووشەم مانوێل نۆیەری گۆڵپارێزی یانەی بایرن میونشن لە كاتی مەشق و راهێنانەكاندا تووشی پێكانێكی قورس هاتووە و نەیتوانیوە مەشقەكان تەواو بكات.

رۆژنامەكە بڵاویشی كردەوە كە دوای پێكانەكە دەستەی پزیشكی یانەی بایرن میونشن راستەوخۆ نۆیەریان بردووەتە نەخۆشخانە و دوای پشكنین بۆیان دەركەوتووە قاچی چەپی شكاوە.

تا ئێستا یانەی بایرن میونشن بەتەواوی قەبارەی پێكانەكە و ماوەی دووركەوتنەوەی نۆیەری ئاشكرا نەكردووە، بەڵام پێشبینی دەكرێ ماوەیەكی زۆر لە یاریكردن دوور بكەوێتەوە.

نۆیەر وەرزی رابردووش دوای یارییەكەی یانەی ریال مەدرید لە قۆناغی چواریەكی كۆتای خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا تووشی شكانی قاچی چەپی هاتبوو و بەو هۆیەوە تا سەرەتای ئەم وەرزە هیچ یارییەكی ئەنجام نەدابوو.

بەگوێرەی زانیارییەكانی رۆژنامەی (بیڵد) چاوەڕوان دەكرێ بەلایەنی كەم نۆیەر ماوەی زیاتر لە 2 مانگ لە هیچ یارییەكی یانەی بایرن میونشن بەشدار نەبێت.

ئەمە لە كاتێكدایە كە لەم ماوەیەدا بەشێك لە یانە گەورەكانی ئەوروپا بەدەست كێشەی پێكان و دووركەوتنەوەی ماوەیەكی زۆری ئەستێرەكانیان دەناڵێن لەوانەش یانەكانی مانچستەر یونایتد بە لەدەستدانی پۆڵ پۆگبا، بەرشەلۆنە بە لەدەستدانی عوسمان دێمبێلێ، ماتیۆ كۆڤاسیچ و كەریم بەنزیما لە یانەی ریال مەدرید و چەندانی تر.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م