ئەمڕۆ گەڕی پێنجەمی خولی ئیسپانیا بەڕێوە دەچێ.. بەرشەلۆنە یاریی هەیە

:: AM:10:12:19/09/2017 ‌

ئەمڕۆ سێشەم یارییەكانی گەڕی پێنجەمی خولی پلە یەكی ئیسپانیا دەست پێ دەكات و تێیدا هەردوو یانەی بەرشەلۆنە و ریال مەدرید هەوڵی بەدەستهێنانی ریزبەندی یەكەمی یانەكان دەدەن.

ئەمڕۆ سێشەم لە دەستپێكی ركابەرییەكانی گەڕی پێنجەم دوو یاریی گرینگ بەڕێوە دەچن، لە یاریی یەكەمدا كە سەعات 9ی شەو بەڕێوە دەچێت، یانەی ڤالێنسیا لەنێو یاریگە و جەماوەری مێوانداریی یانەی مەلەگە دەكات.

یانەی ڤالێنسیا لەو یارییەدا هەوڵی سەركەوتن دەدات دوای ئەوەی لە 3 یاریی رابردوویدا بەرامبەر یانە گەورەكانی وەك ریال مەدرید و ئەتلەتیكۆ مەدرید و لیڤانتی یەكسان ببوو، لەبەرامبەریشدا یانەی مەلەگە بەو هیوایەیە یەكەم سەركەوتن لە وەرزی نوێی خولی ئیسپانیا بەدەست بێنێ تا ریزبەندی كۆتای یانەكان بۆ یانەیەكی تر چۆڵ بكات.

لە یاریی دووەمدا كە سەعات 11ی شەو بەڕێوە دەچێت، یانەی بەرشەلۆنە لە یارییەكی ئاساندا و لەنێو جەماوەری خۆیدا لە كامپ نوو مێوانداریی یانەی ئیبار دەكات.

یانەی بەرشەلۆنە دەیەوێ درێژە بەسەركەوتنەكان بدات و پێنجەم سەركەوتنی لەسەریەك بەدەست بێنێ تا وەك پاڵەوان هەر لە ریزبەندی یەكەمی یانەكان بمێنێتەوە.

لایەكی ترەوە یانەی ریال مەدریدی پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولەكە سبەی چوارشەم لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ مێوانداریی یانەی ریال بیتیس دەكات، یانەكە بە ورەیەكی بەرزەوە یاریی دەكات دوای ئەوەی لە یاریی رابردوودا لە یانەی ریال سۆسیدادی بردەوە و كۆتایی بە ئەنجامە یەكسانبوونەكانی هێنا.

زێنەدین زێدانی راهێنەری یانەی ریال مەدرید لەو یارییەدا بەهەموو هێز و توانایەكی هەوڵی سەركەوتن دەدات تا جیاوازی خاڵەكانی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنەی ركابەری كەم بكاتەوە.

هەر لە گەڕی پێنجەمی خولی ئیسپانیادا چەندان یاریی گەورە و بەهێزی تریش بەڕێوە دەچن: ئەتلەتیكۆ مەدرید – ئەتلەتیك بیلباو، سڤیلییە – لاس پاڵماس و ڤیاریال – ئیسپانیۆل.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م