هەلی كار لە دامەزراوەیەكی حكوومەت

:: AM:10:37:19/09/2017 ‌

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كاروباری مین لە پارێزگای سلێمانی، ژمارەیەك هەلی كار بۆ هاووڵاتییان ڕادەگەیەنێـت، هەر كەسێك ئارەزووی هەیە لە ماوەی حەوت ڕۆژدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكەیان بكات بۆ وەرگرتنی فۆڕم.

ئەمڕۆ سێشەم 19ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، بەڕێوەبەرایەتی كاروباری مینی سەر بە دەزگەی مین، ئاگەداری هاووڵاتییان دەكاتەوە كە بەڕێوەبەرایەتییەكەیان پێویستی بە سێ‌ كارمەند هەیە بەو مەرجانەی لای خوارەوە.
 
لە بەشێكی ئاگەدارییەكە هاتووە، دوو شۆفێر بۆ هەڵكەندی مین، كەسەكە دەبێت توانای بەكارهێنانی ئامێری شۆفڵ و حەفارەی هەبێت، باشتر وایە پێشتر لە كاری پاكسازی میندا كاری كردبێت.

دەزگەی مینی سلێمانی پێویستی بە یەك كەس بۆ فیتەری ئامێرە میكانیكییەكان كە پێویستە كەسی خوازیار ئەزموونی باشی لە كارەكەدا هەبێت، ئامادەیی تەواوی هەبێت لە كێڵگە مینەكاندا كاری چاككردنەوەی ئامێرەكان بكات.

دامەزراندنی هەلی كار ماوەی چوار ساڵە لە سەرجەم دامەزراوەكانی حكوومەت هەلی دامەزراندن وەستاوە، تەنیا چەند دامەزراوەیەك نەبێت ئەوەش بۆ پێویستی تەواوكاری كارەكانە لە هەربەشێك و شوێنێك كەلێنی فەرمانبەر هەبێت.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی ڕابردوودا بڕیاری دامەزراندنی بە گرێبەست دەركرد، بەڵام دواتر بەهۆی پێویستی دامەزراوەكان بڕیارەكەی هەڵوەشاندەوە.



وشە - رامیار جەواد