بە بەشداریی سەرجەم لایەنە سیاسییەكان و خەڵكی شارەكە، بە ئاپۆرایەكی بەرفراوان لە قەڵای شاری كەركووك بانگەشەی ڕیفراندۆم دەستی پێ كرد و بەڵێنی دووبارە كەركووك بوونی شاری كەركووكیان لە كوردستان دووپات كردەوە.
ئەمڕۆ سێشەم 19ـی ئەیلوول/ سێپێتمبەر، بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان و پارێزگاری كەركووك و نوێنەری سەرجەم حزبە سیاسییەكانی كوردستان لە كەركووك، كەرنەڤاڵی پشتیوانی لە ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی كوردستان بەڕێوە دەچێت.
نوێنەری سەرۆكی هەرێمی كوردستان گوتی، داوا دەكەین كەركووكییەكان لە 25ـی ئەیلوول دەیسەلمێنین كە كەركووكیبوون یانی چی، ئێمە بەبەڵێ دەنگی خۆمان بە هەموو دنیا دەگەیەنین.
لای خۆیەوە پارێزگاری كەركووك گوتی، 25ـی ئەیلوول كەركووك دڵی كوردستان دەبێت و بۆ باوەشی كوردستان هەنگاو دەنێین.
لە گوتاری حزبە سیاسییەكانی كوردستانیش لە كەرنەڤاڵەكە هاتووە، بەهۆی فاشیلی دەسەڵاتی عێراق و جێبەجێنەكردنی مادەی 140ـی دەستوور، بۆیە بڕیارمان داوە ئێمەش بەشداری ڕیفراندۆم بكەین و بە هەموو نەتەوەكانەوە سەربەخۆییبوونی كوردستان ساڕێژی زامەكانمانە و ئێمە گوێ بە هەڕەشەكان نادەین و ستەمێكی لەو شێوەیە جارێكی تر لەخۆ ناگرین.
ئێستە بانگەشەی ڕیفراندۆم لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان دەستی پێ كردووە و هاووڵاتییان بەدڵگەرمییەوە چاوەڕوانی 25ـی ئەیلوول دەكەن بۆ ئەوەی دەنگ بە بەڵێ بدەن و سەربەخۆیی كوردستان ڕابگەیەنن.
حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، رۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری وەك رۆژی ریفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد.