ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر پاڵپشتی بۆ سەربەخۆیی ڕاگەیاند

:: AM:11:24:19/09/2017 ‌

لە دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، بەزۆرینەی دەنگ بڕیاری پاڵپشتییان بۆ سەربەخۆیی كوردستان ڕاگەیاند و پاڵپشتی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستانیان كرد.

ئەمڕۆ دووشەم 19ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، لە دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر پاڵپشتی بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی ڕاگەیاند، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا غازی عەلی وەك نوێنەری ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر گوتی، داوا لە خەڵكی شاری هەولێر دەكەین ڕۆژی 25تی ئەیلوول بە بەڵێ‌ دەنگ بە سەربەخۆیی كوردستان بدەن و ئێمەش دەنگ دەدەین بۆ سەربەخۆیی كوردستان و پاڵپشتی "بەڵێ‌" بە هەموو پێكهاتەكانی ناو ئەنجوومەنەوە. 

ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر پاڵپشتی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان لە ڕۆژی 15ی ئەیلوول كرد و سوپاسی توركمانەكانیشی كرد كە پاڵپشتی سەربەخۆیین.

لای خۆشیەوە عەلی ڕەشید لەو كۆنگرەیە گوتی، هەرچەندە بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵ بەشداری دانیشتنەكەیان نەكرد، بەڵام ئەوانیش بێگومانین دەنگیان بەڵێیە بۆ سەربەخۆیی كوردستان.

بەپێی پێڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەبێت دوو هەفتە جارێك كۆبوونەوە ئەنجام بدرێت و كۆبوونەوەكانیش تەرخان بكرێت بۆ گەرمترین پرس, كە پێوەندی بە ژیانی هاووڵاتییانەوە هەبێت، كۆبوونەوەی ئەمڕۆ ژمارەی 52ـی كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەن بوو.



وشە - رامیار جەواد