قوتابییەك لە یەك ساڵدا دوو بڕوانامەی خوێندنی باڵای بەدەست هێنا

:: AM:11:26:19/09/2017 ‌

قوتابییەكی پارێزگای دهۆك توانی دوو بڕوانامەی خوێندنی باڵا لە یەك ساڵدا بەدەست بێنێت، ئەمە لە كاتێكدایە كە هیچ مووچەیەك وەرناگرێت.

سەفەر ئەیووب رێكانی ئەو قوتابییەی ئەمساڵ دوو بڕوانامەی خوێندنی باڵای بەدەست هێناوە بە "وشە"ی  راگەیاند، توانیویەتی دوو بڕوانامەی خوێندنی باڵا بەدەست بهێنێت كە ئەویش بریتین لە بڕوانامەی دیپلۆم لە پەیمانگەی تەكنیكی بەشی رێگەوبان لە پەیمانگەی تەكنیكی دهۆك و بڕوانامەی بەكالۆریوس لە كۆلێژی زانستەكانی مرۆڤایەتی لە زانكۆی دهۆك.

ئەو گوتی، بەدەستهێنانی هەردوو بڕوانامەكە شتێكی ئاسان نییە لە رووی كات و خوێندن و كارەوە، چونكە دەبێت رۆژانە لە هەردوو پەیمانگە و كۆلێژ ئامادە بیت، بۆیە كۆلێژەكەی خستە بەیانیان و پەیمانگەكەش لە ئێواران.

بەپێی قسەكانی ئەو خوێندكارە لەگەڵ وەرگرتنی ئەو دوو بڕوانامەیە، سێ‌ كتێبی بۆ زمانی كوردی وەرگێڕاوە و نووسیوە و چاپ و بڵاوی كردووەتەوە. ئەو گوتی "خۆم هیچ مووچەیەك لە حكوومەت و لە حزب وەرناگرم و لەگەڵ ئەو خوێندنە رۆژانەیە، بەپێی كات دەچوومە كتێبخانە بۆ ئەوەی بتوانم داهاتێك بەدەست بێنم و ژیانی رۆژانەی خۆم و كرێی‌ خوێندنی ئێواران كۆ بكەمەوە كە ئەمەش بەربەستێكی تر بووە"

سەفەر رێكانی دانیشتووی شارەدێی‌ شێلادزێی سەر بە شارۆكەی ئامێدییە و كتێبخانەیەكی هەیە بەناوی كتێبخانەی ژیندا و خۆی وەك نووسەر و وەرگێڕ كار دەكات.

شێلادزێ‌ / نەوزاد هلۆری:



وشە - سلێمان تاشان