لە باباگوڕگوڕ ئاهەنگی سەربەخۆیی ساز دەكرێت

:: AM:11:37:19/09/2017 ‌

بە دروشمی كەركووك شاری "بەڵێ"یە، لە ڕۆژی پێنجشەم ئاهەنگێكی جەماوەری لە شاری یاریی باباگوڕگوڕ ئەنجام دەدرێت و چەندان هونەرمەند بەشداریی تێدا دەكەن.

ئەمڕۆ سێشەم 19ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، بەگوێرەی ئەو بانگەشەیەی بۆ "وشە" هاتووەتە ناردن و تیایدا هاتووە، بە دروشمی كەركووك شاری "بەڵێ‌"یە بۆ سەربەخۆیی كوردستان، ڕۆژی پێنجشەم 21ـی ئەیلوول لە پارك و شاری یاریی باباگوڕگوڕ ئاهەنگێكی جەماوەری ئەنجام دەدرێت.

لە بەشێكی بانگەشەكە هاتووە، بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە هونەرمەندی ناسراوی كوردستان لە سەعات چواری ئێوارە دەست پێ‌ دەكات بەشداریكردنتان وەفایەكە بۆ خوێنی شەهیدان و خەباتی ڕەوای بزاڤی ئازادیخوازی كوردستان.

ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان و پارێزگاری كەركووك و نوێنەری سەرجەم حزبە سیاسییەكانی كوردستان لە كەركووك، كەرنەڤاڵی پشتیوانی لە ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەستی پێ‌ كرد.

ئێستە بانگەشەی ڕیفراندۆم لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان دەستی پێ‌ كردووە و هاووڵاتییان بەدڵگەرمییەوە چاوەڕوانی 25ـی ئەیلوول دەكەن بۆ ئەوەی دەنگ بە بەڵێ‌ بدەن و سەربەخۆیی كوردستان ڕابگەیەنن.

حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، رۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری وەك رۆژی ریفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد.



وشە - رامیار جەواد