رامۆس و پێرێز لەسەر یاریزانێكی بەرشەلۆنە ناكۆكیان هەیە
رۆژنامەكانی ئیسپانیا بڵاویان كردەوە، سێرجیۆ رامۆسی كاپتنی یانەی ریال مەدرید لەگەڵ سەرۆكی یانەكەی فلۆرنتینۆ پێرێز ناكۆكییان لەنێواندا دروست بووە بەهۆی یاریزانێكی پێشووی یانەی بەرشەلۆنەی ركابەرییانەوە.
رۆژنامەی (دۆن باڵۆن)ی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: یانەی ریال مەدرید بەفەرمی گفتوگۆكانی لەگەڵ ئەلێكسیس سانچێزی هێشبەری پێشووی یانەی بەرشەلۆنە و ئێستای یانەی ئارسناڵی ئینگلیزی دەست پێ كردووە بۆ ئەوەی لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا گرێبەستی لەگەڵدا بكات.
لای خۆیەوە رامۆس وەك كاپتنی یانەی ریال مەدرید رەتی كردووەتەوە یانەكەی هەوڵی گرێبەستكردن لەگەڵ ئەو یاریزانەی پێشووی یانەی بەرشەلۆنە بكات و هەروەها بیانۆی گەورەبوونی تەمەنیشی كردووەتە ئامانج كە 28 ساڵانە.
ئەمە لە كاتێكدایە كە پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید ماوەیەكی زۆرە چاودێری تواناكانی سانچێز دەكات و خوازیارە رۆژێك لە رۆژان بە درێسی تیپەكەیدا بیبینێ، هەروەها كاتێك لە یانەی بەرشەلۆنەش بووە هەوڵی پەیوەندیكردنی لەگەڵ دابوو.
جێی باسە سانچێز ماوەیەكە كێشەی لەگەڵ بەرپرسانی یانەی ئارسناڵ هەیە و لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی مانگی رابردووشدا نزیك بوو پەیوەندی بە یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزییەوە بكات، بەڵام دواجار یانەی ئارسناڵ رێگەی پێ نەدا بڕوات و لە تیپەكەیدا هێشتییەوە.
وشە -
ئامانج ئهكرهم