شەش توركمان گیران كە شەوی ڕابردوو تەقەیان كردووە

:: PM:12:47:19/09/2017 ‌

بەرپرسێكی تەناهی لە شاری كەركووك ئاشكرای دەكات، شەش توركمان گیراون كە تۆمەتبارن بە تەقەكردنەكەی شەوی ڕابردوو لەلایەن هێزەكانی پۆلیس لەژێر لێكۆڵینەوەدان.

ئەمڕۆ سێشەم 19ی ئەیلوول/ سێپێتمبەر، عەمید سەرحەد قادر بەڕێوەبەری پۆلیسی شارۆكە و شارەدێكانی كەركووك بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، شەش چەكدار گیران لە بارەگایەكی توركمانەكان كە شەوی ڕابردوو تەقەیان لە هاووڵاتییان كردووە و هاووڵاتییەك شەهید بوو و سێ‌ هاووڵاتی تریش بریندار بوونە.

بەڕێوەبەری پۆلیسی شارۆكە و شارەدێكان دەڵێت، ئەو كەسانەی تەقەیان كردووە ئێستە لەلایەن پۆلیسەوە گیراون و لەژێر لێكۆڵینەوەدان و نابێت دۆخی تەناهی شارەكە تێك بدرێت.

قادر دەڵێت، بڵاوكردنەوەی هێزێكی زۆر لەناو شاری كەركووك بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دۆخی تەناهییە و ئەو هێزەش شەوی ڕابردوو پێنج داواكراو و 15 گومانلێكراو گیراون، ئەمەش وا دەكات دۆخەكە لەژێر كۆنتڕۆڵ بێت.

ئێستە بانگەشەی كورد لە شاری كەركووك دەستی پێ كردووە بۆ پاڵپشتی سەربەخۆیی كوردستان و بوون بە دەوڵەت.

حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، رۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری وەك رۆژی ریفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد.



وشە - رامیار جەواد