داوای دڵنیایی دەكات
یەكێتیی پەرلەمانتارانی كوردستان نامەیەك بۆ UN دەنێرێت

:: PM:01:32:19/09/2017 ‌

یەكێتیی پەرلەمانتارانی كوردستان نامەیەك بۆ ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەنێرێت و داوا دەكات كە UN رۆڵ و ئەركی خۆی بەجێ بهێنێ بۆ پشتگیریی ریفراندۆم و هەر رێگەچارەیەك ئومێدبەخش بێت بۆ ویست و خواستی گەلی كوردستان و لە ژێر سەرپەرشتی UN لەم رووەوە راگەیانراوێك بڵاو بكاتەوە بۆ دڵنیایی خەڵكی كوردستان.

ئەمڕۆ سێشەم 19ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، لە نامەیەكی یەكێتیی پەرلەمانتارانی كوردستان بۆ ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان هاتووە، ئەم رەوشەی ئێستە عێراق پێیدا تێ دەپەڕێت، لە دەرئەنجامی شكستخواردووی پرۆسەی سیاسییە بە تایبەتی لە رووی چارەسەرنەكردنی كێشە و گیروگرفتەكان و هەڵپەساردنی بۆ ماوەیەكی درێژ وای كرد ناڕەزایی و رق و كینە و ركابەری پەرە بستێنێ ناسەقامگیری ئەم وڵاتە بگرێتەوە.

یەكێتیی پەرلەمانتارانی كوردستان لە نامەكەی نووسیویەتی، سەرەڕای رووبەڕووبوونەوەی هێزە عێراقییەكان و هێزەكانی پێشمەرگە و پشتیوانانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە تیرۆریستانی داعش، هەرێمی كوردستان لە ڕیزی پێشەوەی ئەم بەرەنگارییانەیە كە هەڕەشەن لەسەر عێراق بە تایبەتی و دنیایش بە گشتی لەم نێوانەدا هەرێمی كوردستان هەزاران شەهید و برینداری بەخشیوە لە بری ئەوەی حكوومەتی عێراق هاوكار و پشتگیری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكات لە رووی سەربازی، كەچی نەك وەك پێویست وای نەكردووە، بەڵكو ئەوە بۆ زیاتر لە دوو ساڵ دەچێ بەمەبەست بودجە و مووچەی هەرێمی كوردستانی بڕیوە و ئەمە پێشێلی روونی دەستووری عێراقە، سەرەڕای ئەوانەش جێبەجێ نەكردنی مادەی 140ی دەستوور كە كلیلی چارەسەری زۆربەی كێشەكانە، لەگەڵ ئەوەشدا وا خەریكە شەراكەت و سازانی سیاسی پەكی بكەوێت.

لە بەشێكی نامەكە هاتووە، هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی دەرباز بێ لەو تەنگژانەی كە بەسەریدا سەپێنراوە، لە رێی پرۆسەیەكی دیموكراسی و شارستانی پەنا دەباتە بەر ئەنجامدانی ریفراندۆم، ئەم پرۆسەیە پەیوەستە لەگەڵ پرەنسیپەكان و میساقی UN و یاسا نێودەوڵەتییەكان و بنەماكانی مافی مرۆڤ ئەم كارەی هەرێمی كوردستان، كوردیش میلەتێكە تایبەتمەندی كولتوور و شارستانییەت و زمان و ئەدەب و هونەری بیناسازی و ناو و زاراوەی تایبەت بەخۆمان هەیە.

لە كۆتایینامەكەدا هاتووە، چاوەڕوانین UN رۆڵ و ئەركی خۆی بەجێ بهێنێ بۆ پشتگیری ریفراندۆم و هەر رێگەچارەیەك ئومێدبەخش بێت بۆ ویست و خواستی گەلی كوردستان و لە ژێر سەرپەرشتی UN لەم رووەوە راگەیانراوێك بڵاو بكاتەوە بۆ دڵنیایی خەڵكی كوردستان. 



وشە - رامیار جەواد