بەوێنە.. لە گوندێكی كوردستان سەربەخۆیی ڕاگەیەنرا

:: PM:01:36:19/09/2017 ‌

هاووڵاتییانی گوندێكی سەر بە شارۆكەی سێمێل لە پارێزگای دهۆك، وەك پشتیوانی بۆ پرۆسەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان، ناوی گوندەكەیان گۆڕی بە سەربەخۆیی وەك ئاماژەیەك بۆ سەربەخۆیی كوردستان.

ئەمڕۆ سێشەم 19ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، عومەر بیبو محەمەد یەكێك لە نوێنەرانی گوندی سەربەخۆ بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، وەك پاڵپشتی بۆ پرۆسەی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان، بە تێكڕای دانیشتوانی گوند بڕیارمان دا ناوی گوندەكەمان لە "سەرتەنگ" بگۆڕین بۆ سەربەخۆیی وەك ئاماژەیەك بۆ سەربەخۆیی كوردستان.

ئەو هاووڵاتییە دەڵێت، گوندەكەمان لە 60 خێزان پێك دێت و بەر لە 70 ساڵ دروست كراوە، بەڵام لە ساڵی 2007 جارێكی تر نۆژەن كرایەوە و دەكەوێتە نێزیك فاملی مۆل لە سنووری شارۆكەی سێمێل 20/كم لە رۆژئاوای شاری دهۆك. دانیشتوانی گوندەكەمان بڕیاری داوە لە رۆژی 25ـی ئەیلوول بە یەك دەنگ بچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان و بۆ سەربەخۆیی كوردستان بڵێین "بەڵێ ".

گوندی سەرتەنگ كە ئێستە ناوی گۆڕاوە بۆ سەربەخۆیی، یەكێكە لەو گوندانەی كوردستان كە زۆرترین پێشمەرگەی تێدا هەیە و لە شەڕی داعش و شەڕی لەگەڵ رژێمی بەعس ژمارەیەك شەهیدی هەیە.

سێمێل/ نەوزاد هلۆری





وشە - رامیار جەواد