وەزارەتی سامانە سروشتییەكان: گازی كوردستان بۆ توركیا و ئەوروپا هەناردە دەکرێت

:: PM:03:01:19/09/2017 ‌

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، ئەو گرێبەستەی لەگەڵ ڕۆسنەفتی ڕووسی واژوو كراوە، گازی سروشتی هەناردەی بازاڕە نێوەدەوڵەتییەكانی وەك توركیا و یەكێتی ئەوروپا دەكرێت.

ئەمڕۆ سێشەم 19ـی ئەیلوول/ سێپێتمبەر، لە ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هاتووە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان و گەورە كۆمپانیای نەوتی ڕووسی، كۆمپانیای رۆسنەفت بڕیاریان دا رێككەوتنی نێوانیان لە بواری وەبەرهێناندا كە پێشتر واژوو كرابوو، پەرە پێ بدەن بە جۆرێك كە دامەزراندنی بۆڕییەكی گازی سروشتی لەخۆ بگرێت كە پێداویستییەكانی وێستگەكان و كارگەكان بە گازی سروشتی دابین بكات، ئەوەندە گازی سروشتی زۆر بخاتە بەردەست كە هەناردەی بازاڕە نێوەدەوڵەتییەكانی وەك توركیا و یەكێتی ئەوروپا بكڕیت.

لە بەشێكی ڕاگەیەنراوەكە هاتووە، چاوەڕوان دەكرێت رێككەوتنەكە تا كۆتای ئەمساڵ تەواو بكرێت و كۆمپانیای رۆسنەفتیش هەستێت بە دامەزراندنی بۆڕییەكە بەپێی سیستەمی BOOT ( واتا دروستكردن، خاوەندارێتیكردن، بەكارخستن و گواستنەوە) هەروەها بەپێی بژاردنی تەعریفەی درێژخایەن.

لە بەشێكی ڕاگەیەنراوەكە هاتووە، چاوەڕوان دەكرێت توانای بۆڕییەكە ساڵانە تا 30 ملیار مەتری سێجا بێت كە یەكسانە بە 6% ی خواستی ئەوروپا بۆ گازی سروشتی. بۆڕییەكە تا ساڵی 2019 بەمەبەستی بەكارهێنان و دابینكردنی ناوخۆ تەواو دەبێت و هەناردەكردنی گازیش لە ساڵی 2020 دەست پێ دەكات.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە ڕاگەیەنراوەكەی دەڵێت، پلانەكانی بۆڕیی گازی سروشتی بەشێكن لە زنجیرە رێككەوتنێك كە لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیای رۆسنەفت لە شاری سان پێترێسبۆرگ لە مانگی شەشی 2017 بەمەبەستی زیادكردنی وەبەرهێنان لە ژێرخانی نەوت و گازی هەرێمی كوردستان واژوو كران. كۆمپانیای رۆسنەفت و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەروەها سەرقاڵی بە كۆتا گەیاندنی پڕۆژەی بەرزكردنەوەی توانای گواستنەوەی بۆڕیی نەوتی خاوی هەرێمی كوردستانن كە نەوت هەناردەی بەندەری جەیهان لە توركیا دەكات. ئەم پڕۆژەیەش هەر بەپێی تەعریفەی درێژخایەن دەكرێت.

ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەوبارەیەوە رای گەیاندووە، رێككەوتنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ گەورە كۆمپانیای رۆسنەفت، پەرەپێدانی كەرتی گازی سروشتیی ئێمە خێراتر دەكات و گازی پێویست بۆ بەكارهێنانی ناوخۆ و هەناردەكردنی دابین دەكات. ئەمەش سەرچاوەیەكی نوێی داهات دروست دەكات كە خزمەت بە هەمەچەشنكردنی ئابوورییەكەمان دەكات. هەروەها یارمەتی ئاوەدانكردنەوەی ناوچە تازە رزگاربووەكانی دەستی داعش دەدات. خاڵێكی گرینگی تر ئەوەیە ئەم بۆڕییە بەخێرایی دروست دەكرێت و ئەوەش دەبێتە هۆكار بۆ ئەوەی گواستنەوەی گاز بۆ بازاڕی توركیا و یەكێتیی ئەوروپا خێراتر بەرەو پێشەوە بڕوات.

هەورامی دەڵێت، ئەو داهاتەی كە لەو رێگەیەوە بەدەست دێت سوود بە خەڵكی كوردستان دەگەیەنێت.

دوێنێ‌ كۆمپانیایی ڕۆسنەفتی ڕووسی ڕاكێشانی بۆڕییەكی نەوتی بۆ ئەوروپا لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند.



وشە - رامیار جەواد