لە درێژەی هەڵمەتەكانی بانگەشەكردن و پاڵپشتیكردن لە پرۆسەی ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان بەرەو سەربەخۆیی، نووسەرانیش بە سەرنج و تێبینی، ڕای خۆیان دەردەبڕن.
خالید ڕەنجدەر، نووسەر لە بارەی پاڵپشتیی ڕیفراندۆمەوە بە "وشە"ی ڕاگەیاند: "ئێمەی كورد لە باشووری كوردستان مەرجە بناغەییەكانی دەوڵەتمان تێدایە، هەلومەرجەكەش لەبارە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم. ئەگەر سەیر بكەین ئەمڕۆ پێوەندییە جیهانییەكان لەگەڵ كورد بەهێزە، بەڵام ڕێككەوتننامە و پێوەندییەكان لەگەڵ كورد، دەبێ یان لە قۆڵی عێراقەوە بێت، یان بێدەنگ دەڕۆن، كە بەرژەوەندییەكان بەسەرچوون، ئەو ڕێككەوتننامە و پێوەندییانە دەخرێنە سەر ڕەفەكان و بیر دەچنەوە. بەڵام ئەگەر خاوەنی دەوڵەت بووین، هەموو چالاكییەكانمان بە پرۆتۆكۆل دەبێت، وڵات و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان پێیانەوە پابەند دەبن."
زیاتر گوتی: "دوژمن و ناحەزەكانی كورد هەمیشە هەوڵیان داوە ناسنامەی نەتەوەییمان لێ زەوت بكەن. دۆستەكانیشمان لە باشترین حاڵەتدا بە خەڵكی ئەو وڵاتانەمان هەژمار دەكەن، كە پێیانەوە لكێنراوین، بەوەش تایبەتمەندیەتیمان پێشێل دەكەن، جەختیش لەو وڵاتانە ناكەنەوە، كە وەك هاووڵاتییەكی پلە دوو سەیرمان نەكەن. ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانی و هەموو مافەكانمان بە بوونی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆمانەوە بەستراوە. تا دەوڵەتمان نەبێت، خۆمان و مافمان لەبەردەم ڕەشەبای ناحەزەكانمداین."
ڕەنجدەر لەبارەی پاڵپشتیی ڕیفراندۆم و دەوڵەتی كوردییەوە دووپاتی كردەوە: "نابێ یەك تاكی كورد لە دەنگدان بە "بەڵێ" بۆ دروستكردنی دەوڵەت دوودڵی دای بگرێت، ترس خستنە بەردەمی كارتێكردنی نێگەتیڤی لەسەر دابنێت. بۆ دروستكردنی ئەو دەوڵەتە من هەرچی لە توانامدا بێت دەیكەم، كە دروستیش بوو ئەگەر هیچم پێ نەكرێت، بە دەستی خۆم شەقامەكانی گسك دەدەم. من دەزانم مانای دەوڵەت چییە و مەحروومبوون لە دەوڵەت چ ئازارێكە."