پارێزگاری سلێمانی: مەشخەڵی سەربەخۆیی دادەگیرسێنین

:: PM:03:54:20/09/2017 ‌
پارێزگاری سلێمانی لە میانەی كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی كوردستان كە بە بەشداری سەتان هەزار كەس لە سلێمانی بەڕێوە دەچێت، ڕای گەیاند، سلێمانی لەوەتەی هەیە داوای سەربەخۆیی كوردستان دەكات.

ئەمڕۆ چوارشەم 20ی ئەیلوول، كەرنەڤاڵی پشتیوانی سەربەخۆیی كوردستان لە شاری سلێمانی بەڕێوە دەچێت و عومەر قەڵادزەیی پارێزگاری سلێمانی گوتارێكی پێشكەش كرد و ڕای گەیاند، سلێمانی "بەڵێ"ی بۆ سەربەخۆیی هەڵبژاردووە و سلێمانی لەوەتەی هەیە داوای سەربەخۆیی كوردستان دەكات و دەیەوێت سەربەخۆ بێت، بەڵام زۆرجار دوژمنانی گەلەكەمان ڕێگرییان كردووە.

پارێزگاری سلێمانی زیاتر گوتی، خۆمان بە شیاوی سەربەخۆیی دەزانین و بە خوێنی شەهیدان مەشخەڵی سەربەخۆیی دادەگیرسێنین و ناكۆكییەكان وەلا دەنێین.

پارێزگاری سلێمانی دووپاتی كردەوە كە هیچ هۆكارێك نابێتە كۆسپ لە بەردەم ئامانجە سەرەكییەكان بە تایبەت ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان.

ئێستە لەكاتی ئامادەكردنی ئەم هەواڵەدا، مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان گوتارێك پێشكەش دەكات.

 






وشە - سه‌رخێڵ هاشم