سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له گوتارێكدا له فێستیڤاڵی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ڕای گه‌یاند، خه‌ڵكی سلێمانی ڕیفراندۆمی خۆی ئه‌نجام دا و سه‌لماندیان كه سلێمانی پێشه‌نگی خه‌بات و تێكۆشانه.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌م له یاریگه‌ی شاری سلێمانی، فێستیڤاڵی پێشوازی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ئه‌نجام درا و تێیدا دوای عومه‌ر قه‌ڵادزێی پارێزگاری سلێمانی به وه‌كاله‌ت، مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان گوتارێكی خوێنده‌وه و تێیدا گوتی: چ شانازییه‌ك له‌وه گه‌وره‌تر نییه بۆ من كه له‌م شاره خۆشه‌ویسته، خۆمان بۆ به‌ڵێ بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ئاماده ده‌كه‌ین. من هه‌میشه دڵنیا بووم كه سلێمانی پێشه‌نگه له خه‌بات و تێكۆشان.
زیاتر گوتی، من دڵنیام ئه‌مڕۆش ئێوه پێشه‌نگ ده‌بن له 25ی مانگ پێشه‌نگ ده‌بن و بڵێن به‌ڵێ بۆ سه‌ربه‌خۆیی و سلێمانی قبووڵ ناكات نه مه‌حكوومی "كه‌س" بێت و نه سوخره‌كێشی "كه‌س" بێت.
له فێستیڤاڵه‌كه‌دا كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود و ژماره‌یه‌كی تر له كه‌سایه‌تییه سیاسییه‌كانی كوردستان به‌شداییان تێدا كردووه و به ده‌یان هه‌زار خه‌ڵكی شاره‌كه له یاریگه ئاماده بوون.
له به‌شێكی تری گوتاره‌كه‌یدا بارزانی گوتی، ڕیفراندۆم بابه‌تی سه‌ره‌كیی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه و ئێسته له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان باس باسی هه‌رێمی كوردستانه كه ئه‌مه ڕه‌نجی ئێوه‌یه و ئیراده‌ی یه‌كڕیزیمانه.
ئه‌وه‌شی گوت، بۆیه بڕیاری ڕیفراندۆمان دا، چونكه به‌غدا شه‌راكه‌تی نه‌هێشت و ده‌ستووری پێشێل كرد، هه‌ر به‌و ده‌ستووره ئێمه ده‌توانین داوای سه‌ربه‌خۆیی بكه‌ین. له كاتێكدا ئێمه دوای 2003 به ئاره‌زووی خۆمان چووینه‌وه بۆ به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی عێراقێكی فیدراڵی دیموكرات و ده‌وڵه‌تێكی مه‌ده‌نی دروست بكه‌ین، به‌ڵام به‌داخه‌وه هیچ پابه‌ندی ئه‌و ڕێككه‌وتنانه و ده‌ستوور نه‌بوون، بۆیه كورد ناچار بوو بڕیارێكی تر بدات.
زیاتر گوتی: به‌داخه‌وه ئێسته له عێراق ده‌وڵه‌تێكی ئاینیی مه‌زه‌وی له عێراق حوكم ده‌كات، بۆیه ئه‌مه له‌گه‌ڵ ئێمه ناگونجێ.
له‌باره‌ی هه‌نگاوه‌كانی ئه‌م پرسه بارزانی ئه‌وه‌ی خسته ڕوو كه ده‌مێكه كاری بۆ ده‌كه‌ن و گوتی، سه‌ره‌تا وایان ده‌زانی ئه‌مه كارتی فشاره، بۆیه زۆر بایه‌خیان پێ نه‌ده‌دا، بۆیه ئه‌و كات بۆچوونیان نه‌رم بوو، به‌ڵام كاتێك زانییان ئێمه له‌ناو خۆمان ته‌باین و دووبه‌ره‌كی دروست نه‌بوو، كاتێك زانییان خه‌ڵكی كوردستان بۆ پرسی نه‌ته‌وه‌یی هه‌موومان یه‌كین و یه‌كده‌نگین، ئێسته تووشی شۆك بوون. ئێمه ئه‌مڕۆ له‌ژێر چه‌تری حزبی كوردستانین. ئێسته كه بینییان یه‌كهه‌ڵوێستی و یه‌كڕیزی هه‌یه و په‌رله‌مان كارا كراوه‌ته‌وه، ئه‌وانیش بڕیاریان دا هه‌موو پێشنیازێك ڕه‌ت بكه‌نه‌وه، ئه‌گه‌ر نا ڕیفراندۆم ئامرازه بۆ سه‌ربه‌خۆیی.
له‌باره‌ی جێگره‌وه‌ی ڕیفراندۆم، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ڕای گه‌یاند، هه‌میشه گوتوومانه ئه‌گه‌ر به‌دیلێكی باشتر هه‌بێ بۆ گه‌لی كورد، ئه‌وا قبووڵی ده‌كه‌ین، به‌ڵام تا ئێسته نه‌هاتووه‌ته پێش. ڕیفراندۆم هه‌نگاوێكی ئاسایی و یاسایییه، میله‌تێك دوای 100 ساڵ غه‌در و سته‌م داوای مافی خۆی ده‌كات.
هه‌روه‌ها گوتی، زۆرێكیان به هه‌ڵه تێگه‌یشتوون، ڕیفراندۆم كۆتای دنیا نییه و ئه‌وان به هه‌ڵه تێگه‌یشتوون. ئێمه ئاماده‌ین دوای ڕیفراندۆم گفتوگۆی رژد بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین و ئه‌گه‌ر پێویستیش بێت تا ساڵێك یان دوو ساڵ چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین و دواتر سه‌ربه‌خۆیی ڕاده‌گه‌یه‌نین.
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان خستیه ڕوو كه 100 ساڵه داوای برایه‌تی ده‌كه‌ین و قبووڵتان نه‌كردووه، ئێسته‌ش ئێمه جگه له سه‌ربه‌خۆیی قبووڵ ناكه‌ین و به ڕیفراندۆم ده‌گه‌ین به مافه‌كانمان و گوتی: قبووڵنه‌كردنی ڕیفراندۆم واته ئینكاری مافی ئێمه ده‌كرێ. ئێمه ده‌مانه‌وێ جارێكی تر ئه‌نفال و كیمیاباران دووباره نه‌بێته‌وه له‌م وڵاته‌دا، بۆیه جارێكی تر ئه‌و جۆره ده‌سه‌ڵاته قبووڵ ناكه‌ینه‌وه.
بارزانی په‌شیمانی ده‌ربڕی له‌وه‌ی كه ڕێی به‌غدایان گرته به‌ر و ده‌ڵێ، ئێمه ساڵی 2003 هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌مان كرد گه‌ڕاینه‌وه به‌غدا، خۆمان نیمچه سه‌ربه‌خۆ بووین، به نیازێكی پاكه‌وه چووینه‌وه به‌غدا. به‌ڵام له‌وێ ته‌نیا ده‌موچاو گۆڕاوه و فه‌رهه‌نگی قبووڵنه‌كردنی به‌رامبه‌ر به هه‌مان شێوه‌یه‌یه و هیچ گۆڕانكارییه‌كی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه.
ئه‌مڕۆ نییه سه‌ربه‌خۆیی ئامانجی ئه‌م میله‌ته بووه و بارزانی گوتی، ڕه‌نجی ده‌یان ساڵه‌ی ئه‌م وڵاته له شێخ عوبه‌یدوڵای نه‌هرییه‌وه تا ئێسته ته‌نیا بۆ سه‌ربه‌خۆیی بووه و ئه‌م ڕێیه‌ی ئێمه ئه‌وان نه‌خشاندوویانه.
له كۆتایی گوتاره‌كه‌یدا، مه‌سعوود بارزانی سڵاوی بۆ جه‌لال تاڵه‌بانی سكرتێری گشتیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان گه‌یاند و گوتی، خۆزگه باری ته‌ندروستیت ڕێگه‌ی بدایتایه و پێكه‌وه بووینایه ئاسانتر كاره‌كه‌مان ڕاده‌په‌ڕاند و هیوادارم خوا شیفای بدات و به‌ڵێنی پێ ده‌ده‌م له‌سه‌ر ئه‌و برایه‌تییه به‌رده‌وام بین.
پاشان ڕووی كرده خه‌ڵكی سلێمانی و گوتی ئێوه دڵی منتان گه‌شانده‌وه و بۆتان سه‌لماندم كه ئه‌م شاره هه‌میشه پێشه‌نگه و په‌یامێكی گه‌وره‌تان پێشكه‌ش كرد.