بۆردومانی فرۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆ شێلادزێ قوربانی لێ كەوتەوە


فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بە چڕی بۆردومانی چەند ناوچەیەكی شارەدیێ شێلادزێی سەر بە شارۆكەی ئامێدییان كرد و لە ئەنجامدا حەوت كەس لە خەڵكی ناوچەكە كوژران.

ئەقبال عومەر وەك شایەتحاڵی بۆردومانەكە بە "وشە"ی راگەیاند، شەوی رابردوو كومەڵێك گەنجی كومەڵگەی "سیریێ"ی سەر بە شارەدیێ شێلادزێ بە مەبەستی راوەماسی چوونەتە سەر رووباری "ئاڤا شین" لە دەڤەری نێروە و رێكانی سەر بە شارۆكەی ئامێدی، بەڵام بە پاساوی "پەكەكە" فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا ئەو كومەڵە گەنجەیان كردووەتە ئامانج و حەوتیان كوژراون.

زیاتر گوتی، سێ لەو كەسانە لە نزیك گوندی "سیتە" كوژراون و ئەوانی تر لە گوندی "باسیە" لەسەر رووباری ئاڤا شین كوژراون، هەمووانیش بە گولەی فڕۆكە كوژراون و تەنانەت بەهۆی سووتانی لاشەكانیان ناناسرێنەوە.

هانی عەونی ئامۆزای یەكێك لەو كوژراوانە بە "وشە"ی راگەیاند، چوار لەو كوژراوانە دەكەونە گوندەكەیان و روونی كردەوە، ئێستە پەكەكە نایەڵێ تەرمی كوژراوەكانمان بگەرێنینەوە، داواكارین لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ پەكەكەدا قسە بكەن بۆ ئەوەی رێگە بدەن بە گەڕانەوەی تەرمەكان.

لەلایەكی ترەوە وارشین بەرواری بەڕێوەبەری شارەدیێ شێلادزێ، وێڕای پشتراستكردنەوەی هەواڵەكە بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا كۆمەڵێك گەنجی سنووری شارەدیێ شێلادزێ سەر بە شارۆكەی ئامێدی كردووە ئامانج و بەهۆیەوە ژمارەیەك كوژراون و ئێستە تەرمی سێ لەو گەنجانە گەیەنراونەتە نەخۆشخانەی شێلادزێ و ئەوانی تریش بەڕێوەن.

زیاتر گوتی، تا ئێستە نازانین ئەو گەنجانە بۆ چ مەبەستێت چوونەتە دەڤەری رێكان ، بەڵام بە پێی قسەی كەسوكارەكانیان بۆ مەبەستی راوەماسی چوونەتە ئەو ناوچانە.

دەڤەری نێروە و رێكان زیاتر لە 102 گوند بەخۆیەوە دەگرێت و سەرجەم گوندەكانیش كەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتی پەكەكەوە، لەبەر ئەوەی ئەو گوندانە سەرچاوەی دارایی خەڵكە، بۆیە بەردەوام خەڵكی ناوچەكە كە دانیشتووی شارەدیێ شێلادزێ و سیریێ و دێرەلوكن، دەچنە سەر گوندەكانیان.



ئامێدی/ نەوزاد هلۆری



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل


PM:06:08:20/09/2017




ئه‌م بابه‌ته 3445 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌