داوای باشكردنی مووچەی خانەنشینان دەكرێت

چوار حزب و یەكێتی خانەنشیانی كوردستان بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە و ڕایان گەیاند،  50 هەزار واژوو و یاداشتێكی سێ خاڵیمان رادەستی حكوومەتی هەرێم كردووە بۆ باشكردنی مووچەی خانەنشینان و تا ئێستە چاوەڕوانی وەڵام دەكەین.

لە بەیاننامەكەدا كە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم 20ی ئەیلوول، هەریەك لە حزبی شیوعی و حزبی زەحمەتكێشان و حزبی كۆمەنیستی كرێكاران و بزووتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان و یەكێتی خانەنشیانی كوردستان ڕایان گەیاندووە، دوا بەدوای نارەزایەتی بەرفراوانی جەماوەری لەبەرامبەر سەپاندنی سیستەمی پاشەكەوتی مووچە و نەدانی مووچە لەكاتی خۆیدا، ئێستە حكوومەت و پەرلەمانی كوردستان لەگفتوگۆدان بۆ دەستكاریكردنی پاشەكەوت و نەهێشتنی دواكەوتنی مووچە.

لە بەیاننامەكەدا هاتووە، لە 18ی ئاب، 50 هەزار واژوو و یاداشتێكی سێ خاڵیمان رادەستی حكوومەتی هەرێم كرد، بەڵام تا ئێستە هیچ هەنگاوێكی كردەنی نەنراوە و چاوەڕوانی وەڵام دەكەین.

ئەو لایەنانە داوا دەكەن كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان مووچەی سەرجەم موچەخۆر و خانەنشینان بە تایبەت لەكاتی خۆی دابەش بكات و بە میكانیزمێكی گونجاو و هاوچەرخ مووچەكانیان پێ بدرێ، نەك لەبەردەم بانكەكاندا بەسەرمای زستان و گەرمای هاوین چەند سەعات بوەستێنرێن.

ئاماژەیان بەوە كردوە كە داواكارن لە ئەگەری هەر دەستكاریكردنێكی سیستەمی پاشەكەوتی مووچە، پێویستە بەڕژدی ڕەچاوی ژیان و گوزەرانی فەرمانبەران و خانەنشیان بكرێت.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم


PM:08:37:20/09/2017




ئه‌م بابه‌ته 11539 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌