حاجی ئۆمەران كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی ساز دەكات

:: PM:10:16:20/09/2017 ‌

لە چوارچێوەی ئاهەنگەكانی بانگەشەی "بەڵێ" بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لەو ریفراندۆمەی بڕیارە لە 25ی سێپتێمبەر لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕاوەكاندا بێتە سازكردن، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم بەڕێوەبەرایەتی شارەدێی حاجی ئۆمەران سەر بە شارۆكەی چۆمان، كەرنەڤاڵێكی جەماوەری بۆ خەڵكی سنووری حاجی ئۆمەران ساز كرد.

ئەحمەد قادر قایمقامی چۆمان بە "وشە"ی راگەیاند، وەك تەواوی شوێنەكانی كوردستان، ئەمڕۆ لە شارەدێی حاجی ئۆمەرانیش بە مەبەستی دەربڕینی پشتگیری و پاڵپشتی بۆ ریفڕاندۆم و سەربەخۆیی كوردستان، كەرنەڤاڵێكی جەماوەری بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حكوومی و حزبی و سەربازی و تەناهی و خەڵكێكی زۆری حاجی ئۆمەران و دەڤەری باڵەكایەتی بەڕێوە چوو.

زیاتر گوتی، دەڤەری باڵەكایەتی ئاواتە خوازە رۆژی 25ی ئەیلوول بێت و بە ئاهەنگ و زەماوەند پێشوازی لەو رۆژە بكەین و دەنگ بە سەربەخۆیی كوردستان بدەین.

حەوتی حوزەیران/ یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، ڕۆژی 25ی ئەیلوول/ سێپتەمبەری وەك ڕۆژی ڕیفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد.

حاجی ئۆمەران/ موڕشید برادۆستی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل