دوو نووسەر و شاعیری كورد پاڵپشتییان بۆ ڕیفراندۆم دووپات كردەوە

:: PM:10:48:20/09/2017 ‌
لە درێژەی هەڵمەتەكانی بانگەشەكردن و پاڵپشتیكردن لە پرۆسەی ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان بەرەو سەربەخۆیی، نووسەرانیش بە سەرنج و تێبینی، ڕای خۆیان دەردەبڕن.

ڕزگار جەباری نووسەر و شاعیر، لە بارەی پاڵپشتیی ڕیفراندۆمەوە بە "وشە"ی ڕاگەیاند: "دەوڵەت بۆ گرنگە؟، دەوڵەت وەك بەشێكی گرنگ بەشداری لە بنیاتنانی ستراكتۆری دەروونی تاك دەكات. وەك بەشێكی گرنگی فەرهەنگی نامەلمووس. تاكی خاوەن دەوڵەت ئەگەر بە واتەی وشە دەوڵەت بێت و دامەزراوە بێت، ئەركی پەروەردەكردنی تاكەكانی لە ئەستۆدایە. دەتوانێت تواناكانی بەرەو جاكە ئاڕاستە بكات و شوناسێك بەو توانایانە ببەخشێت. زیاترلە مێژووی كورددا زۆر توانا هەبووە و هەیە و وەگەڕخراون، لە زانایان بەهۆی نەبوونی دەوڵەتەوە بەرهەمەكانیان بە زمانی تری بەرهەمیان تۆمار كردووە بۆیە بوونەتە موڵكی ئەوانیتر. 

ئیستەش زۆر كەسایەتی كورد وەك ڕۆشنبیرێك، پاڵەوانێك، ئەستێرەیەك، وەرزشوانێك، باڵوێزێكی فەرهەنگی لە ڕۆژاوادا یان لە هەر شوێنێكی تری جیهاندا دەردەكەون، بەڵام دواجار شوناسی یەكێك لەو دەوڵەتە داگیركەرانەیان بەسەردا دەسەپەنرێت. لێرەدا دەوڵەت دەمانكاتەوە بە خاوەنی خۆمان، دەوڵەت دەمانكات بە خاوەنی شوناس. ئەڵبەتە مەرج نییە دامەزراندنی دەوڵەت بۆ هەموو گەلێك یان كۆمەڵە ئیتنیكییەك فریافڕەس بێت. دەشێ لە ناو چوارچێوەی دەوڵەتێكی دادپەروەردا هەست بەم كەلێنە گەورەیە نەكات، ئەمە لەكاتێكدا ئەگەر سرووشتییانە لەناو ئەو دەوڵەتەدا ڕسكان بوون، بەڵام ئێمە دەزانین كوردستان سیاسییانە بەسەر ئەم دەوڵەتانە دابەشكراون. بۆیە دەوڵەت فریادرەسمان دەبێت و تەنیا دەوڵەت تواناكانمان دەگەڕێنێتەوە بۆ خۆمان، خۆمان دەبینەوە خاوەن خۆمان. بە كورتی دەوڵەت دەروونی تێكشكاوی تاكی كورد بونیات دەنێتەوە، بۆیە پاڵپشتی لە ڕیفڕاندۆم دەكەم و دەلێم بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان."

غەمگین بۆڵی نووسەر، لە بارەی پاڵپشتیی ڕیفراندۆمەوە بە "وشە"ی ڕاگەیاند: "مانیڤێستی ئازادیی و سەربەخۆیی خۆمان بە (بەڵێ) دەنووسینەوە، لەوەتەی باشووری كوردستان بووەتە هەرێم، هەرێمی پێكەوە ژیانی نەتەوە جیاوازەكان. لەم ماوەیەدا 30 دەوڵەتی نوێ لە جیهاندا دروست بووە. ئەوەی لێرەدا مەبەستمە ئەوەیە كە هیچ وڵاتێك نایەت دەستمان بگرێت بۆ دروستكردنی دەوڵەتی كوردی. 

دیارە هیچ هەنگاوێكیش بەرەو ئامانجێكی وەها گەورە بەبێ كێشە نابێت. ڕیفراندۆم بەرئەنجامی ئەو هەموو خوێنەیە، كە نەتەوەیەكی ستەمدیدە ڕێشتوویەتی، كە كوردە. بوونی ئەو هەموو شۆڕش و ڕاپەڕینی و هەڵاتن و ئەشكەنجەیە لەپێناوی ئەو ئەنجامەیە، لە چوارچێوەی خاكێكدا بژین، زمان و كولتوور و داب و نەریتمان جیاوازە و پێویستیشە سنوور و سیاسەت و حكومڕانی بەڕێوەردنیشمان جیاواز بێت. 

ئەوەی دەمێنێتەوە زۆرێك ڕیفراندۆم بە ئینتیمای حیزبی تێ دەگات و لای وایە ئەم كەرنەڤاڵە مێژووییە لەپێناوی حیزبە. بۆیە ئەوە دەكەنە پاساو، بەڵام پاساوێكی نەزانانە. ئەوە گومانی تێدانییە، كە ڕیفراندۆم بوونی كردیەكی گەورەیە، كردەیەكی نیشتمانی و دوور لە ئینتیمای حیزبی. هەموو مرۆڤێك بە ئازادی لە دایك دەبێت، پێویستە بە ئازادیش بمرێت. بۆیە ئێمەی كوردیش لەو ڕۆژەدا مانیڤێستی ئازادیی خۆمان بە (بەڵێ) دەنووسینەوە و وەك كوردێك ڕێز لە كوردبوونی خۆمان دەگرین.









وشە - ژیڤان خۆرانی