لە داقووق چەكدارێكی داعش گیرا

:: PM:11:03:20/09/2017 ‌
 
هێزەكانی ئاسایش لە داقووق چەكدارێكی داعشیان گرت كە دزەی كردبووە ناو ئاوارەكان.
                                                                                      
لەو بارەوە فەرهاد حەمەعەلی گوتەبێژی ئاسایشی كەركووك بە"وشە"ی ڕاگەیاند، دوای كۆكردنەوەی زانیاری و بە دواداچونی ورد، هێزەكانمان لە هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنیندا لە شارۆكەی "داقوق"، توانیان تیرۆریستێكی داعش بە ناوی (م.ع.ه) بگرن كە خەڵكی شارەدێی (ریاز)ە و ماوەی سێ ساڵە لە شارۆكەی (حەویجە) چەكداری داعش بووە.

 زیاتر گوتی، ئەو تیرۆریستە بەشداری چەندان شەڕی كردووە دژ بە هێزی پێشمەرگە و دەزگە تەناهییەكان و جارێكیش بریندار بووە، تیرۆریستی ناوبراو ماوەی چەن مانگێكە لەگەڵ ئاوارەكان هاتووەتە شارۆكەی داقووق و لەوێ نیشتەجێ بووە، دواتر وەك شانەی نووستوی داعش كاری كردووە.                                                                                                                                                            

هاوكات لەگەڵ نزیكبوونەوەی پڕۆسەی ریفراندۆم و مەترسییەكانی سەر كەركووك زیاتر بووە، بۆیە هێزە تەناهییەكانی شارەكە زیاتر چالاكییەكانیان ئەنجام دەدەن و مەترسییەكانی سەر كەركووكیان بنبڕ كردووە و دڵنیایی دەدەنە هاووڵاتییان كە كەركووك پارێزراوە و هیچ مەترسییەك نییە و ئەوان بەردەوام لە ئەركی پاراستنی ماڵی هاووڵاتییانن. 

كەركووك/ دلۆڤان مەجید كاكەیی





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل