ڕاپۆرتێك: ئێران حزبوڵایەكی تر ئامادە دەكات

:: PM:11:52:20/09/2017 ‌

هەوڵەكانی ئێران بۆ فرەوانخوازی لە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامە بەتایبەتی لەو وڵاتانە كە كەمینە یان زۆرینەیەكی شیعەی تیادایە، ئەو لە زۆرینەی ئەو وڵاتانە حزبوڵایەكی تیادا دامەزراندووە كە ئەجینداكانی جێبەجێ دەكەن، باشترین و سەركەوتووترین نموونەش حزبوڵای لبنانییە، كە بۆ داهاتووی سووریا حزبوڵایەكی تر ئامادە دەكات.

فەرمانڕەوایی داهاتووی سووریا هەرچیەك بێت، ئێران توانی جێ پێیەكی گرنگ بۆخۆی لە سووریا دەستەبەر بكات و دووەم كۆپی حزبوڵای لبنانی لەوێ لەدایك ببێت، ئەوەش بە پێی راپۆرتێكی ماڵپەڕی "میدڵ ئێست" كە تیایدا باسی مێژووی ئێران و سووریا و قۆناغی دوای جەنگی ئەو وڵاتە دەكات. 

راپۆرتەكە ئاماژە دەكات كە لەدوای شۆڕشی ئێران لە 1979، رژێمەكانی ئێران و سووریا هاوپەیمانیەتییەكیان لە بری ناكۆكییەكانیان دروست كرد، لەوانە عەرەب لەبەرامبەر فارس و سیستەمێكی ئیسلامی لەبەرامبەر سیستەمێكی عەلمانی، ئەوەشی ئەو هاوپەیمانیەتییەی پتەوتر كرد هەڕەشەی سێ لایەن بوو كە ئەوانیش عێراق بەسەركردایەتی سەدام حوسێن و ئیسرائیل و ئەمەریكاش.

زیاتر گوتی، لە 1980دا ئەو كاتەی هێزەكانی عێراق چوونە ناو ئێران، سووریا تاكە دەوڵەتی عەرەبی بوو كە لەپاڵ ئێران وەستایەوە، لە نیسانی 1982 و وەك ئاماژەی پاڵپشتییەكی گەورە بۆ ئێران، سووریا هێڵی گواستنەوەی نەوتی لە نێوان كیڵگەی نەوتی كەركووك لە عێراق و بەندەری بانیاس لە سووریا راگرت.

هەر لەو بارەوە ماڵپەڕەكە دەڵێت كە لە 1980دا سوپای پاسدارانی ئێران حزبوڵای دروست كرد و رێكی خست و مەشقی پێ دا بۆ گۆڕینی هاوسەنگی هێز و بەكارهێنانی لەدژی ئیسرائیلدا، ئەو كاتەی ئیسرائیل بڕیاری هێرشكردنە سەر ئێرانی دا، لەوەش لە جەنگی تەمووزدا سەركەوتنی بەدەست هێنا، بۆ مەبەستی پێدانی چەك بە حزبوڵا سووریا بووە رێڕەوی چالاك لەو بارەوە كە دیمەشق و تەرتووس بەیەكەوە گرێ دەدات و دەگات بە لبنانەوە.

لەدوای ئەوە لە 2003دا و لە ئەنجامی هەڵەیەكی ستراتیجی  ئەمەریكا، سەدام حوسێن لەناو برا، بۆچوونی ماڵپەڕەكەیە، چەند گرووپێكی شیعەی ئۆپۆزسیۆن و سەر بە ئێران كە مەشق و چەكیان لە ئێرانەوە لە ساڵانی بەر لەوە پێ دراوە، گەیشتنە دەسەڵات و ئەو پەرەسەندنە كتوپڕەش گۆڕەپانی كارتێكردنی ئێرانی لەو وڵاتە زیاتر كرد، هەروەها پێوەندی لەگەڵ حزبوڵای لبنانییەوە. 

لەبارەی مانەوەی بەشار ئەسەدی سەرۆكی سووریا لە دەسەڵات، ماڵپەڕەكە باسی لە پاڵپشتیی ئێرانی بۆ ئەسەد كرد و رای گەیاند كە ستیڤان دی مستوورا نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ سووریا رای گەیاندووە كە ئێران ساڵانە 6 ملیار دۆلاری ئەمەریكایی لە سووریا خەرج دەكات.

بە پێی ماڵپەڕەكە، ئەوەی لە سووریا لە دوای جەنگی ئەو وڵاتە روو دەدات لەدایكبوونی دووەم حزبوڵایە، بەتایبەتی لەگەڵ توانای ئێران بۆ دابینكردنی شوێن پێیەك بۆخۆی لەسەر سنوورەكانی سووریا و فەڵەستین، ئەو بابەتەش ناوەڕۆكی وتوێژی نێوان بنیامین نەتنیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و ڤلادیمێر پۆتین سەرۆكی رووسیا بوو لە سوچی، ئەو كاتەی ئێرانی بە هەوڵی بە لبنانیكردنی سووریا دەدات.

ئەو جەختی كردەوە كە ئیسرائیل كار بۆ نەهێشتنی بوونی سەربازی ئێرانی لە سووریا دەكات، هەرچی یووسی كۆهێنی سەرۆكی دەزگەی هەواڵگری مۆسادە زانیاری هەستیاری پێشكەشی پۆتین كرد لەبارەی بوونی سەربازی ئێران لە سووریادا. 

لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە، ئاخۆ ئێران سووریا جێ دێڵێت لە دوای ئەو چەند ساڵە بەهۆی هەڕەشەكانی ئیسرائیل؟، بێگومان وەڵامەكە نەخێرە، چونكە وەك ماڵپەڕەكە دەڵێت، لەگەڵ ئەو هەموو فرەوانخوازی و دەسەڵاتەی ئێران لە سووریا و لبنان و عێراقدا، ئێرانییەكان دەبنە خاوەن سەنگێكی سیاسی یەكلاكەرەوە لە دواڕۆژی سووریا، جا بەبوون یان نەبوونی بەشار ئەسەدەوە.

سەرچاوە: شەفەق نیوز




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل