پارەی گەنمی جووتیارانی ساڵی 2017 دابەش دەكرێت

:: AM:09:10:21/09/2017 ‌

بەڕێوەبەری كۆمپانیای بە بازرگانی دانەوێڵەی هەولێر، ئاگەداری جووتیاران دەكاتەوە ئەوانەی گەنمیان ڕادەستی سایلۆی هەولێر و كۆیە و شەمامك كردووە، سەردانیان بكەن بۆ وەرگرتنی پارەكانیان.

ئەمڕۆ پێنجشەم 21ـی ئەیلوول/ سێپێتمبەر، ئیبراهیم عەبدولحەمید بەڕێوەبەری كۆمپانیای بازرگانی دانەوێڵە لە سایلۆی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئاگەداری جووتیارانی دەڤەری هەولێر دەكەینەوە، ئەوانەی لە وەرزی تەسویقی 2017 گەنمیان ڕادەستی سایلۆی هەولێر و بنكەی شەمامك و بنكەی كۆیە كردووە سەردانمان بكەن.

بەڕێوەبەری كۆمپانیای بازرگانی دانەوێڵە لە سایلۆی هەولێر دەڵێت، ئەو جووتیارانەی لە ‎15-6-2017 تا ‎20-6-2017 گەنمیان ڕادەستی سایلۆ كردووە، با لە رۆژی شەموو ‎23-9-2017 سەردانی سایلۆی هەولێر بكەن بۆ وەرگرتنی چەكەكانیان.

دابەشكردنی پارەی گەنمی جووتیاران لە كاتێكدایە حكوومەتی عێراق بەڵێنی ناردنی پارەی تەواوی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستانی داوە، بەڵام ئێستەش لە بەشێك لە شار و شارۆكەكان تا ئێستە پارەی گەنمی جووتیارانی ساڵی 2015 و 2016 دابەش نەكراوە.

هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2017 زیاتر لە ملیۆنێك و 500 هەزار تۆن گەنمی بەرهەم هێناوە، بەڵام حكوومەتی عێراق بە بیانووی جیاواز جیاواز ئامادە نەبوو تەواوی گەنمەكەیان لێ وەربگرێت.



وشە - رامیار جەواد