گەورەترین كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی لە ئیسرائیل ساز دەكرێ

:: AM:10:03:21/09/2017 ‌
بڕیارە ڕۆژی شەمووی هەفتەی داهاتوو 23ی ئەیلوول/سێپتێمبەر، گەورەترین كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی لە شاری تەلئەبیبی پایتەختی وڵاتی ئیسرائیل بێتە سازكردن، خەڵكی ئەو وڵاتە و دامەزراوە فەرمییەكان پشتیوانی خۆیان بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان دەردەبڕن.

بەگوێرەی زانیارییە بڵاوكراوەكان لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بڵاو بوونەتەوە، ڕۆژی شەمووی هەفتەی داهاتوو 23ی ئەیلوول/سێپتێمبەر و سێ ڕۆژ بەر لە وادەی دەنگدانی گشتیی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، گەورەترین كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی لە شاری تەلئەبیبی پایتەختی ئیسرائیل دێتە سازكردن.

چالاكان بڵاویان كردووەتەوە، لە كەرنەڤاڵە ئاڵای كوردستان و هوتاف و دروشم بۆ پشتیوانی سەربەخۆیی كوردستان دەگوترێتەوە و كوردانی ئەو وڵاتە بە تێكڕا پشتیوانی خۆیان بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەردەبڕن.

لەلایەكی ترەوە بڕیارە ڕۆژی 24ی ئەم مانگە، كوردانی جوولەكە لە ئیسرائیل خۆپێشاندانێك لە بەردەم كونسوڵخانەی ئەمەریكا لە شاری ئۆرشەلیم ئەنجام بدەن، ناڕەزایی توند بەرامبەر بە هەڵوێستەكانی ئەمەریكا لەبارەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەرببڕن.

ئەنجامدانی ئەو كەرنەڤاڵە لە تەلەئەبیب لە كاتێكدایە سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە و وەزیری داد و وەزیری بەرگریی پێشووی ئیسرائیل بە تەواوی پشتیوانی خۆیان بۆ سەربەخۆیی كوردستان دووپات كردووەتەوە.

پێشتر لە وڵاتانی ئەمەریكا و ئوسترالیا و بەریتانیا و سوید و نەرویج و ئەڵمانیا و سویسرا و چەندان وڵاتی تر، كوردستانییان كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی كوردستانیان ساز كرد و بڕیارە لەگەڵ ئەنجامدانی كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی لە ئیسرائیل لە پاریسی پایتەختی فڕەنساش كەرنەڤاڵێكی گەورە ئەنجام بدرێت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د