ریال مەدرید دۆڕا
یانەی ریال مەدرید لە ئەنجامە خراپەكانی ئەم وەرزەی خولی ئیسپانیا بەردەوامە و شەوی رابردووش بە گۆڵێكی بێ وەڵام بەرامبەر یانەی ریال بیتیس دۆڕا.
یارییەكە لە گەڕی پێنجەمی خولی ئیسپانیا بوو لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ كە تێیدا یانەی ریال بیتیس لە خولەكی 94 و كاتی زیادكراودا گۆڵی سەركەوتنی تۆمار كرد.
ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەی ریال مەدرید لەم وەرزەدا لە كۆی پێنج یارییدا 2 یاریی بەرامبەر یانەكانی ڤالێنسیا و لیڤانتی یەكسان كردووە و شەوی رابردووش 3 خاڵی تری لەدەستدا.
لەو یارییەدا زێنەدین زێدانی راهێنەری یانەی ریال مەدرید بە پێكهاتەی تەواوی ئەستێرەكانی بەشداری كرد و لە هێڵی هێرشبەردا پشتی بە كریستیانۆ رۆناڵدۆ و گاریس بێڵ بەستبوو.
هەرچەندە یاریزانانی یانەی ریال مەدرید لە تەواوی 90 خولەكی یارییەكەدا كۆنتڕۆڵی یاریگەیان كردبوو، بەڵام تا كۆتایی نەیانتوانی هیچ گۆڵێك تۆمار بكەن و ئەنجامی یارییەكە بۆ بەرژەوەندی بەكۆتا بێنن.
تاكە گۆڵی یارییەكە لەلایەن ئەنتۆنیۆ سانابریا لە خولەكی 94 تۆمار كرا و بەمەش یانەی ریال مەدرید ئێستا بەكۆكردنەوەی 8 خاڵ لە ریزبەندی حەوتەمی یانەكانی خولی ئیسپانیا دێت و جیاوازی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنەی ركابەری و پێشەنگی یانەكان 7 خاڵە، هەروەها یانەی ریال بیتیس بەم سەركەوتنە و بەكۆكردنەوەی 9 خاڵ هاتە ریزبەندی شەشەمی یانەكان.
وشە -
ئامانج ئهكرهم