76%ى هاووڵاتیانى كوردستان به‌ "به‌ڵێ" ده‌نگ ده‌ده‌ن

:: AM:11:01:21/09/2017 ‌

به‌گوێره‌ى راپرسییه‌كى رێكخراوى (open Think Tank) له‌باره‌ى پێڕه‌وكردنى ریفراندۆم له‌ هه‌رێمى كوردستاندا، ده‌ركه‌وتووه‌، هاووڵاتیانى كوردستان به‌ڕێژه‌ى 76% ده‌نگ به‌ "به‌ڵێ" ده‌ده‌ن و له‌سه‌ر ئاستى پارێزگاكانیشدا، رێژه‌ى هه‌ره‌ زۆرى به‌ڵێ، له‌ پارێزگاى دهۆك و پاشان هه‌ولێر ده‌بێت.

ناساندنى راپرسییه‌كه‌
رێكخراوى هزرسازى ئۆپن  (open Think Tank) كه‌ رێكخراوى ناحكوومییه‌، ئه‌نجامه‌كانى راپرسییه‌كى تایبه‌ت به‌ ریفراندۆمى هه‌رێمى كوردستان ئاشكرا كرد كه‌ له‌ ماوه‌ى 20-27ى ئابى 2017 له‌ هه‌رسێ پارێزگاى هه‌ولێر، دهۆك و سلێمانى ئه‌نجام دراوه‌.

رێكخراوه‌كه‌ له‌ پاڵ خستنه‌ڕووى ئه‌نجامه‌كانى راپرسییه‌كه‌، تێبینى ئه‌وه‌ى كردووه‌ كه‌ پاش راگه‌یاندنی كاتی ئه‌نجامدانى راپرسییه‌كه‌، هه‌ندێك گۆڕانكارى له‌ گۆڕه‌پانى سیاسى كوردستاندا رووی داوه‌، له‌ناویاندا گۆڕانى هه‌ڵوێستى فه‌رمى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان و پاڵپشتیكردنى له‌ ریفراندۆم، له‌به‌رئه‌وه‌ى سلێمانى بنكه‌ى سه‌ره‌كى ده‌نگده‌رانى یه‌كێتى نیشتمانییه‌، چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌ ده‌كرێت به‌و هۆیه‌وه‌ ئه‌نجامه‌كانى راپرسییه‌كه‌ گۆڕانكارى به‌سه‌ردا بێت.

له‌و راپرسییه‌دا كه‌ شه‌ش پرسیارى بنچینه‌یى له‌خۆ گرتووه‌، نموونه‌ی 677 كه‌سى له‌ كۆى دانیشتووانى هه‌رێمى كوردستان(جگه‌ له‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران) چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ كراوه‌ و سامپڵه‌كه‌ ئاستى متمانه‌ى به‌ رێژه‌ى 99% دیارى كراوه‌.

رێكخراوه‌كه‌ به‌پێى ئه‌نجامه‌كانى راپرسییه‌كه‌، روونى كردووه‌ته‌وه‌، چه‌ند فاكته‌رێكى وه‌ك، پارێزگا، حزبى سیاسى و ئاستى ته‌مه‌ن، كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ئه‌نجام یان وه‌ڵامى پرسیاره‌كان هه‌یه‌، له‌ كاتێكدا ئه‌نجامى پێوه‌ست به‌ كاتى راگه‌یاندنى سه‌ربه‌خۆیى، به‌ فاكته‌ره‌كانى وه‌ك، ئاستى خوێندن، پارێزگا، جێنده‌ر و حزبى سیاسییه‌وه‌ گرێدراوه‌.

رێژه‌ى 76%ى هاووڵاتیان له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆیین
له‌باره‌ى ئه‌و پرسیاره‌ى كه‌ ئایا پێویسته‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك به‌شێك له‌ عێراق بمێنێته‌وه‌ یان جیا ببێته‌وه‌؟ 76%ى هاووڵاتیان كه‌ ده‌كاته‌ زیاتر له‌ سێ به‌شی هه‌رێمى كوردستان پشتیوانى له‌ جیابوونه‌وه‌ ده‌كه‌ن، له‌ كاتێكدا رێژه‌ى 17%ى به‌شداران ده‌یانه‌وێت كوردستان وه‌ك به‌شێك له‌ عێراق بمێنێته‌وه‌ و رێژه‌ى 7%ى هاووڵاتیانیش بۆچوونێكى روونیان له‌سه‌ر ئه‌و پرسیاره‌ نه‌بووه‌.

به‌پێى ئه‌نجامه‌كانى راپرسییه‌كه‌، ئه‌و هاووڵاتییانه‌ى ده‌یانه‌وێت كوردستان له‌ عێراق جیا ببێته‌وه‌، زۆرینه‌ى هه‌ره‌ زۆریان له‌ پارێزگاى دهۆك بوون كه‌ رێژه‌ى 91% پێك دێنێت، له‌ كاتێكدا زۆرینه‌ى ره‌ها له‌ پارێزگاى هه‌ولێر بوون كه‌ رێژه‌ى 77% بوون و زۆرینه‌ى ساده‌ له‌ پارێزگاى سلێمانى بوون كه‌ رێژه‌ى 52% ده‌گرێته‌وه‌. له‌ كاتێكدا رێژه‌كانى مانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ عێراق، له‌ پارێزگاى سلێمانى 38%، پارێزگاى هه‌ولێر 17% و پارێزگاى دهۆك 4% بووه‌، به‌ڵام رێژه‌ى 10%ى هاووڵاتییان له‌ سلێمانى، 7% له‌ هه‌ولێر و 5%ى هاووڵاتییانى دهۆك هێشتا بڕیاریان نه‌داوه‌.


به‌ ته‌مه‌نه‌كان و ژنان زیاتر له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆیین
راپرسییه‌كه‌ روونى ده‌كاته‌وه‌، له‌ شیكارى ئه‌نجامه‌كان به‌پێى ته‌مه‌ن، ده‌ركه‌وتووه‌، كه‌سانى به‌ ته‌مه‌نتر كه‌متر مه‌یلى مانه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ عێراق هه‌یه‌، زیاتر له‌ 70%ى به‌شدارانى ته‌مه‌ن 18-44 ساڵ، له‌ كاتێكدا زیاتر له‌ 90%ى ته‌مه‌ن 65 ساڵ یان زیاتر داواى جیابوونه‌وه‌ى كوردستان له‌گه‌ڵ عێراق ده‌كه‌ن.

له‌ كاتێكدا تێبینى ئه‌وه‌ كراوه‌، ئاستى خوێندن هیچ كاریگه‌رییه‌كى له‌سه‌ر وه‌ڵامى به‌شدارانی راپرسییه‌كه‌ نه‌بووه‌ له‌باره‌ى ئه‌و پرسیاره‌ى كه‌ ئایا كوردستان له‌گه‌ڵ عێراق بمێنێته‌وه‌ یان جیا ببێته‌وه‌.

راپرسییه‌كه‌ جیاوازى جێنده‌رى به‌پێى ئه‌نجامه‌كان تۆمار كردووه‌، له‌ كاتێكدا رێژه‌ى 22%ى پیاوان ده‌خوازن له‌گه‌ڵ عێراق بمێننه‌وه‌، به‌ڵام ته‌نیا 13%ى ژنان هه‌مان بۆچوونیان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌ نیشان ده‌دات كه‌ ژنان زیاتر له‌گه‌ڵ جیابوونه‌وه‌ له‌ عێراقن.

زۆرینه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌جێ راگه‌یاندنى سه‌ربه‌خۆیین
یه‌كێكى تر له‌ پرسیاره‌كانى راپرسییه‌كه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌نجامى ریفراندۆم له‌ به‌رژه‌وه‌ندى سه‌ربه‌خۆیى كوردستان بوو، پێویسته‌ كه‌ى سه‌ربه‌خۆیى بێته‌ راگه‌یاندن، له‌و رووه‌وه‌ 55% له‌ دهۆك و 50% له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌جێ راگه‌یاندنى سه‌ربه‌خۆییدان، به‌ڵام ته‌نیا 23%ى سلێمانى له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌جێ راگه‌یاندنى سه‌ربه‌خۆیین.

راپرسییه‌كه‌ روونى كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ چاره‌كێكى دانیشتووانى هه‌رێمى كوردستان، له‌و باوه‌ڕه‌دان كه‌ باشتره‌ چاوه‌ڕوانى كاردانه‌وه‌كان و ره‌زامه‌ندى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بكرێت. كه‌متر له‌ 10% له‌ هه‌ولێر و دهۆك و 32% له‌ سلێمانى له‌و باوه‌ڕه‌دان پێویسته‌ بابه‌ته‌كه‌ له‌گه‌ڵ عێراق گفتوگۆى له‌سه‌ر بكرێت. هه‌روه‌ك رێژه‌ى 20%ى هاووڵاتییانى سلێمانى، هیچ بۆچوونێكیان له‌و رووه‌وه‌ ده‌رنه‌بڕیوه‌.

ئاسایشى ده‌وڵه‌تى كوردستان پارێزراوتر ده‌بێت
یه‌كێكى تر له‌ پرسیاره‌كانى ئه‌و راپرسییه‌، پێوه‌سته‌ به‌ ئاستى به‌رگرى و ئاسایش له‌ كوردستانى سه‌ربه‌خۆدا و به‌راورد به‌و ئاسایش و به‌رگرییه‌ى له‌ ده‌وڵه‌تى عێراق هه‌بووه‌، له‌و روانگه‌یه‌وه‌، دانیشتووانى هه‌ولێر و دهۆك زیاتر گه‌شبینن، زیاتر له‌ 50%ى هه‌ولێر و 74%ى دهۆك چاوه‌ڕوانى به‌رگرى و ئاسایشى باشتر ده‌كه‌ن له‌ كوردستانى سه‌ربه‌خۆدا، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ دانیشتووانى سلێمانى چاوه‌ڕوانى ئاسایشى كه‌متر ده‌كه‌ن، به‌ڕێژه‌ى 43% له‌و بڕوایه‌دان به‌رگرى و ئاسایش كه‌متر ده‌بێت به‌راورد به‌ كوردستان وه‌ك به‌شێك له‌ عێراق، هه‌روه‌ك رێژه‌ى 34% له‌و بڕوایه‌دان ئاسایش باشتر ده‌بێت له‌ كوردستانى سه‌ربه‌خۆدا.

له‌ڕووى دابه‌شبوونى ره‌گه‌زییه‌وه‌، به‌گشتى زیاتر له‌ 55%ى پیاوان و ژنانى كوردستان له‌و بڕوایه‌دان، ئاسایش و به‌رگرى له‌ كوردستانى سه‌ربه‌خۆدا زیاتر ده‌بێت، له‌ كاتێكدا رێژه‌ى 25%ى پیاوان له‌و بڕوایه‌دان، ئاسایش و به‌رگرى كه‌متر ده‌بێت، به‌ڵام ته‌نیا رێژه‌ى 15%ى ژنان هه‌مان بۆچوونیان و رێژه‌ى 9%ى ژنانیش هێشتا بڕیاریان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ نه‌داوه‌.

بارى ئابوورى و كۆمه‌ڵایه‌تى له‌ كوردستانى سه‌ربه‌خۆدا
زۆرینه‌ى دانیشتووانى هه‌ولێر و دهۆك چاوه‌ڕوانى ئابوورى باشتر ده‌كه‌ن پاش سه‌ربه‌خۆیى كوردستان، به‌ڵام له‌ سلێمانى 52%ى به‌شداران له‌و بڕوایه‌دان بارى ئابوورى خراپتر ده‌بێت، له‌ كاتێكدا 30% له‌و باوه‌ڕه‌دان ئابوورى كوردستان له‌ پاش سه‌ربه‌خۆیى باشتر ده‌بێت. له‌ڕووى ره‌گه‌زیشه‌وه‌، 47%ى پیاوان پێیان وایه‌ بارى ئابوورى باشتر ده‌بێت و 33%یان چاوه‌ڕوانى ئابوورى خراپتر ده‌كه‌ن، به‌ڵام رێژه‌ى 53%ى ژنان له‌و باوه‌ڕه‌دان ئابوورى كوردستان پاش سه‌ربه‌خۆیى باشتر ده‌بێت، له‌ كاتێكدا ته‌نیا 14%ى ژنان بۆچوونێكى پێچه‌وانه‌یان هه‌یه‌ و ئه‌وانیتر هێشتا بڕیاریان له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه‌ نه‌داوه‌.

له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا، زۆرینه‌ى هاووڵاتییانى دهۆك و هه‌ولێر پێیان وایه‌، كۆمه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تى پاش سه‌ربه‌خۆیى كوردستان باشتر ده‌بێت، به‌ڵام بۆچوونى سلێمانى دابه‌ش بووه‌، رێژه‌ى 34% پێیان وایه‌، كۆمه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تى باشتر ده‌بێت و رێژه‌ى 38% چاوه‌ڕوانى كۆمه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تى كه‌متر ده‌كه‌ن له‌ كوردستانى سه‌ربه‌خۆدا.

له‌و بابه‌ته‌شدا، گه‌شبینى ژنان زیاتره‌، له‌ كاتێكدا 50%ى پیاوان چاوه‌ڕوانى باشتربوونى كۆمه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تى ده‌كه‌ن، به‌ڵام 54%ى ژنان هه‌مان چاوه‌ڕوانیان هه‌یه‌.














وشە - ڕێبین فه‌تاح