سلێمانی گرەوی لە وڵاتانی دژ بە ڕیفراندۆم بردەوە

:: AM:11:07:21/09/2017 ‌

سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری سلێمانی ئاشكرای دەكات، ئەو وڵاتانەی گرەوییان لەسەر سلێمانی دەكرد، گوایە لەگەڵ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان نین، دوێنێ وەڵامیان دانەوە و سەلماندیان بۆ پرسە نیشتمانییەكان یەكڕیز و یەكدەنگین.

ئەمڕۆ پێنجشەم 21ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، ئەدهەم بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لەشاری سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، خەڵكی سلێمانی سەلماندی بۆ ئەو وڵاتە گەورانەی كە گرەویان لەسەر ئەو سنوورە دەكرد كە لەگەڵ ڕیفراندۆم نین.

سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دەڵێت، سەرۆكی هەرێمی كوردستان دوو جار لێی دووبارە كردمەوە كە سوپاسی خەڵكی سلێمانی بكەم بۆ ئەو هەڵوێستە نیشتمانی و نەتەوەیییە، بۆ ئەو پێشوازییەی لە كەرنەڤاڵی ئاهەنگی سەربەخۆیی كرا لە یاریگەی نێودەوڵەتی سلێمانی.

ئەدهەم بارزانی دەڵێت، لەو كۆبوونەوە جەماوەرییە پەیامێكمان بە نەیارانی كورد دا كە ئێمە لە پرسە نیشتمانییەكان یەكدەنگ و یەكهەڵوێستین .

دوێنی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ پرسی بانگەشەی ڕیفراندۆم سەردانی شاری سلێمانی كرد و خەڵكێكیزۆر ئامادەی وتاری بارزانی بوون و پشتگیری خۆیان بۆ ڕیفراندۆم ڕاگەیاند.

حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، ڕۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری وەك ڕۆژی ڕیفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد. خەڵكی كوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە بە تاك و كۆمەڵ بە جۆری جیاواز خۆشحاڵی دەردەبڕن.



وشە - رامیار جەواد