سبەی ئایفۆن هەشت دێتە كوردستان

:: AM:09:58:22/09/2017 ‌

دوای بڵاو كردنەوەی نوێترین بەرهەمی مۆبایلی ئایفۆن لەلایەن كۆمپانیای ئەپڵی ئەمەریكی ئێستە ئەو بەرهەمە نوێیەی ئایفۆن لەڕۆژی شەموو دەگاتە هەرێمی كوردستان و بەشێوەیەكی فەرمی بڵاو دەكرێتەوە.

ئەمڕۆ هەینی 22ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، لە ئاگەدارییەكی كۆمپانیای ئەسێ وەك فرۆشیاری ئامێرەكانی ئەپڵ لە كوردستان و عێراق، پرێس كۆنفرانسێك ڕێك دەخات لەرۆژی شەموو 23/9/2017 سەعات 12 و نیووی  نیوەڕۆ لە ماجدی مۆڵی شاری سلێمانی.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕە تەكنەلۆژییەكان، لەبەر ئەوەی شاشەی ئایفۆن 8 لەلایەن كۆمپانیای سامسۆنگی كۆری دروست دەكرێ و ئەویش بە نرخێكی گران پێی داوە، ئەوا نرخی هەر ئامێرێك لە هەزار و 100 دۆلار دەست پێ دەكات و بەپێی بەرزیی گێگا بایتەكەی زیاد دەكات و نرخی قەبارە گەورەكەشی زۆر لەوە زیاتر دەبێ.

شاشەی ئایفۆن 8 كە سامسۆنگ ئامادەی كردووە، OLED دەبێ و نرخی دوو هێندەی شاشەی ئایفۆنی پێشترە كە بە سیستەمی LCD بووە، بۆ هەر شاشەیەكیش لە نێوان 120 بۆ 130 دۆلار خەرجییەكەی بووە، لە كاتێكدا ئەوەی پێشتر تەنیا 45 بۆ 55 دۆلار بوو.
 
جگە لە مۆبایلەكە، بڕیارە كاتژمێرێكی نوێش ئاشكرا بكەن كە بە كۆمەڵێ تایبەتمەندییەوە ئەویش لەگەڵ ئایفۆنەكەدا دەخاتە بازاڕەوە، ئەمە جگە لەوەی ڤێرژنی نوێی Apple TV هەر لەو كۆنگرەیەدا ئاشكرا دەكەن و دووەم ڤێرژنی HomePodیش دەخاتە ڕوو كە ساڵی پار بۆ یەكەم جار بەرهەمی هێنا كە بریتییە لە سپیكەرێكی پڕ تایبەتمەندی بۆ ماڵان.
 
هەروەها ئەپڵ بڕیاری داوە، شاشەیەكی تیڤیی تایبەت بە كوالیتی 4K هەر لەو ڕۆژەدا لەگەڵ ڕۆژی دابەزاندنی ئایفۆنە نوێیەكە، بخاتە بەر دیدی هەوادارانییەوە.
 
پێشتر چەندان پێشبینی و زانیاریی دزەپێكراو بڵاو كراونەتەوە، دوایەمین زانیاریش ئەوەیە ئایفۆن 8 شەحنكردنەوەی بێ وایەر دەبێ، بەڵام بە جیا دەیفرۆشێ، وەك چۆن لە ئایفۆنی پێشتردا هێدفۆنەكانی بەو شێوەیە خستە بازاڕەوە.
 



وشە - رامیار جەواد