نووسەرێكی بەریتانیا ئاماژە بەوە دەكات كە بەریتانیا و وڵاتانی ڕۆژئاوا، ئەركیانە پشتیوانی لە سەربەخۆیی كوردستان بكەن و دان بە ئەنجامی ڕیفراندۆمەكەیان بنێن، ئەوەیش ئاشكرا دەكات كە ئێستە حكوومەتی بەریتانیا بە چڕی كار دەكات بۆ ئەوەی سیستەمی عێراق لە فیدراڵییەوە بۆ كۆنفیدراڵی بگۆڕێت، بەڵام كوردەكان سوورن لەسەر ڕیفراندۆم و گەیشتن بە سەربەخۆیی خۆیان، لە كۆتاشدا بەریتانیا دان بە ئەنجامی ڕیفراندۆمەكە دەنێ و پشتیوانی سەربەخۆیی كوردستان دەبن.
نووسەر و بەڕێوەبەری جێبەجێكار و دامەزرێنەری گرووپی تیكتانكی "TalkPolitics" لە وتارێكدا لە ژێر ناونیشانی "ئەمە هۆكاری پێویستبوونی پشتیوانی وڵاتانی ڕۆژئاوایە بۆ سەربەخۆیی كوردستان". تێیدا دەڵێ، هیچ كات پێشنیازم نەكردووە پشتیوانی بزووتنەوە سەربەخۆخوازەكان بكەن لە سەرتاسەری دنیا، بەڵام كوردستان حاڵەتێكی تایبەتە، كوردەكان تەنیا گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت نین لە دنیا، بەڵكو بە هێزترین هێزیش بوون لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش، زیاتر لە 100 ساڵە ئەوان ڕووبەڕووی كۆمەڵكوژی و ڕیشەكێشكردن دەبنەوە لە هەموو لایەكەوە، سەرەڕای ئەوانە دەوڵەتی كوردستان نابێتە شتێكی تازە چونكە دەیان ساڵە خوێنی لە پێناو دەڕژێنرێ، بەڵام بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا زۆر باش دەبێت.
لە وتارەكەیدا نووسەر دەڵێ، ئەوەی لێرەدا پرسیارە، بریتییە لەوەی بۆچی پێویستە لەسەر وڵاتانی ڕۆژئاوای پێشكەوتوو، پشتیوانی سەربەخۆیی كوردستان بكەن لە ناوچەیەكی داڕماوی وەك ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟ بەڵام كارێكی لەو شێوەیە تەواو واقیعی و گرنگە، چونكە بەو شێوەیە زیاتر فێر دەبین و لە كۆتاشدا ناوچەكە لە دەستی خۆماندا دەمێنێتەوە، بۆیە زۆر گەمژەیییە دەستوەردان لەو پرسە و دژایەتیكردنی بكرێ، پێشتر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و ئەوروپا دووپاتیان لە پشتیوانیكردنی كوردستانی عێراق كردووەتەوە، لەو كاتەی بەغدا و تاران و توركیا بە ڕژدی بەرهەڵستی سەربەخۆیی ئەوان دەكەن، بێگومان ئێمە دژی ئەنجامی ڕیفراندۆم نابین، وەك پێشبینی دەكرێ لە ڕۆژی 25ی ئەم مانگە خەڵكی ناوچەكانی كوردستان دەنگی خۆیان بدەن، كاری یەكەمی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەمان بریتی دەبێ لە گرەنتی و پشتیوانیكردنی ئەنجامی ڕیفراندۆمەكە، بەریتانیا نابێ بۆ دواوە بگەڕێتەوە، چونكە شانشینی یەكگرتووی بەریتانیا لە سەردەمی جەنگی یەكەمی جیهان لە بەرامبەر پشتیوانی كوردەكان بۆ هێزی بەریتانیا بەڵێنی دامەزراندنی دەوڵەتێكی بە كوردەكان دا، بەڵام لە سایكس-پیكۆتی دروست كرا و ڕێ بەوە نەدرا، ئەمەیش زیان و مەترسی گەورەی لەسەر ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست كرد.
هەروەها نووسیویەتی، لە ڕاستیدا لەبەر ئەوەی كوردستان ئێستە هاوپەیمانێكی تەواو متمانە پێكراوە و هیچ گومانی تێدا نییە كە ئەوان ڕێی پاراستنی مافی مرۆڤ و چەسپاندنی دیموكراتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەواو بەهێزتر دەكەن، چونكە كوردستان تەواو پشتیوانی دیموكراتییە و لەلایەن ڕۆژئاواوە پشتیوانی دەكرێ و هەمان شێوازی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە كوردستانیش پێڕەو دەكرێ، سەرەڕای چەندان سەدەی شەڕ و ئاڵۆزی، بەڵام لە زۆرینەی ڕەهای بوارەكان مافی ژن پارێزراوە و یەكسانن، ناوچەكانی ژێر دەستی حكوومەتی كوردستان لە باكوری عێراق ئارامترین و پڕ ئاسایش ترین ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێستە ململانێ لەسەر وەبەرهێنانە لەو ناوچەیە و ڕۆژئاوا دەیەوێ لە هەڵەكانی پێشووی پەند وەربگرێ، بۆ ئەوەی پێگەی خۆی زۆر بە بەهێزی لە كوردستان بهێڵێتەوە.
ئاماژەی دا، پشتیوانی بۆ كوردستان تەنیا بەهۆی پرسی نەوتەوە نییە، بەڵكو بەرگریكردن لە هەولێر لە ساڵی 2014 بەهۆی ئەزموونەكەیەوە بوو، كاتێك باراك ئۆباما لە درەنگانی شەو پەیامێكی تەلەڤزیۆنی بڵاو كردەوە و هەواڵی هەڵفڕینی فڕۆكەكانی ئەمەریكای بۆ ڕێگرتن لە گەیشتن بە هەولێر بڵاو كردەوە، گوتی، كوردستان لەسەر ڕێیەك كار دەكات كە ئێمە پێشوازی لێ دەكەین و دەمانەوێ هەمیشە لەبەرچاومان بێ، ئێمە زۆر بە گرنگییەوە دووپات لەوە دەكەینەوە كە پێویستە ئەو ناوچەیە بە تەواوی پارێزراو بێ. جگەلەوەیش كوردستان لە ڕووی ئابوورییەوە قازانجی گەورە دەكات، چونكە بازاڕەكانی دنیا بەڕوویدا دەكرێنەوە و جگەلە هەناردەی سەرچاوەكانی وزەی ڕووسیا، سەرچاوەی تری هەناردەكردن دروست دەبێ، ئەمەیش پرسێكی تەواو گرنگ و پێویستە بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا، لە بازرگانیكردنیش لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا، كوردستان دەبێتە خاوەنی ئابوورییەكی زۆر بەهێز و تەواو پتەو و پێشكەوتوو.
لە كۆتادا نووسیویەتی، ئێستە سیاسەتی حكوومەتی شانشینی یەكگرتووی بەریتانیا بە ئاراستەی پشتیوانیكردنە لە گۆڕینی عێراق لە سیستەمی فیدراڵییەوە بۆ كۆنفیدراڵی، تەواوی ناوچە كوردستانییەكان ببن بە قەوارەیەكی كۆنفیدراڵی، بۆ ئەمەیش حكوومەتی بەریتانیا تەواوی هەوڵەكانی خۆی خستووەتە گەڕ، بەڵام پێشبینی دەكرێ كوردەكان بەردەوام بن و سوور بن لەسەر پرۆسەی ریفراندۆم و ئەو پرۆسە مێژوویییە تا سەر ببەن و لێی پەشیمان نەبنەوە، دواتریش بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو بنێن، بە دڵنیایییەوە بۆ بەرژەوەندییە هاوبەشەكان دوای پرۆسەی ڕیفراندۆم، بەریتانیا پشتیوانی پرۆسەكە و ئەنجامەكەی دەكات و ئێستە كاتی كوردەكانە.