جۆن بۆلتن:بە هەموو تواناوە پشتیوانی سەربەخۆیی كوردستانم

:: AM:09:55:24/09/2017 ‌
باڵوێزی پێشووی ئەمەریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان، پشتیوانی تەواوەتی خۆی لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بۆ سبەی 25ی ئەیلوول ڕاگەیاند.

جۆن بۆلتن لە تویتێكدا لە پەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر ئاشكرای كردووە، پشتیوانی بەهێزی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی كوردستان دەكەن، ئێستە خەڵكی كوردستان لە عێراق بۆ ئەوەی دەنگی خۆیان بۆ بەدیهێنانی ویستەكانیان بدەن.

پشتیوانی ئەو بەرپرسەی پێشووی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە كاتێكدایە سبەی دووشەم ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان لە سەرتاسەری شارەكانی كوردستان بەڕێوە دەچێ و نووسەرێكی بەریتانیش پێشتر لە وتارێكدا كە لە ڕۆژنامەی "ئیندیپێندت" بڵاو كراوەتەوە، دووپاتی لەوە كردووەتەوە، ئەمەریكا و بەریتانیا و وڵاتانی ڕۆژئاوا دان بە ئەنجامی ڕیفراندۆمەكە دەنێن و هەرگیز هەڵوێستیان وەك بەغدا و توركیا و تاران نابێت.

پێشتر بەرپرسان و كۆنگرێسمانانی تری ئەمەریكا بە تەواوی پشتیوانی خۆیان بۆ سەربەخۆیی كوردستان ڕاگەیاندووە، ئەوەی ئێستە ئەمەریكای نیگەران كردووە، نەگونجاوی كاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمە بەهۆی شەڕی دژ بە تیرۆریستانەوە، بەڵام لەلایەن سەركردایەتیی سیاسیی كوردستانەوە هەموو دڵنیایییەك بەو وڵاتە دراوە، كە شەڕی تیرۆریستان زۆر باشتر و بەهێزتر دەكرێ و هیچ كەلێن و كەموكوڕییەك بەهۆی پرۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان لە شەڕی دژ بە تیرۆریستان ڕوو نادات.

جۆن بۆلتن لە سەردەمی جۆرج دەبلیو بۆش باڵوێزی ئەمەریكا بووە لە نەتەوە یەكگرتووەكان و بە یەكێك لە پیاوە سەرسەختەكانی كۆمارییەكان دادەنرێ دژ بە ئێران و جموجۆڵەكانی لە ناوچەكە، لە سەردەمی پێكهێنانی كابینەی حكوومەتی دۆناڵد ترەمپ كاندیدی وەرگرتنی پۆستی وەزیری دەرەوە و جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بوو.

سەرچاوە/CNN.


وشە - باز ئه‌حمه‌د