ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان چوار بڕیار دەردەكات

:: PM:04:59:24/09/2017 ‌
ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە چوار بڕیاری دەركرد.

ئەمڕۆ یەكشەم 24ی ئەیلوول، ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە.

بە پێی ڕاگەیەنراوی كۆبوونەوەكە شاندی كوردستان لە 23ی ئەیلوول، سەردانی بەغدایان كردبوو و ئەنجامی سەردانەكە و گفتوگۆیان لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان خستە ڕوو و ڕوونیان كردەوە كە بەغدا بە هیچ شێوەیەك لە ئێستە و لە داهاتووشدا، ڕیفراندۆم قبووڵ ناكات.

ئاماژەی كرد، بەغدا بە تەواوی دژی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بوون و دەستپێشخەرییەكەی سەرۆككۆماری عێراق و هەموو هەوڵە نێودەوڵەتییەكانیان ڕەت كردووەتەوە و ئامادە نەبوون لەبارەی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستانەوە هیچ گفتوگۆیەك بكەن.

شاندەكە ئەوەشی خستە ڕوو كە بە لایەنە سیاسییەكانی عێراقیان ڕاگەیاندووە كە ئەوە بڕیاری گەلی كوردستانە و ڕیفراندۆم لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا لە هەرێمی كوردستان و تەواوی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بەڕێوە دەچێت.

دواتر لیژنەی ئامادەكردنی بەڵگەنامەی سیاسیی گرێنتیكردنی مافی پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكان، بەڵگەنامەكەی خستە ڕوو.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا دووپات كرایەوە كە كوردستان لە ڕۆڵی كاریگەری خۆی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیەتیی نێودەوڵەتی دژی داعش بەردەوام دەبێت و هاوكاری و هاوئاهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دژی تیرۆر درێژەی دەبێت.

ئەم بڕیارانە لە كۆبوونەوەكەدا دەرچوون:

یەكەم: ڕۆژی دووشەم 25ی ئەیلوول، ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان و تەواوی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەڕێوە دەچێت.

دووەم: كۆبوونەوەكە بەڵگەنامەی سیاسیی گرێنتیكردنی مافی پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانی پەسند كرد و دەستخۆشی لە لیژنەی ئامادەكاری بەڵگەنامەكە كرد.

سێیەم: دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەرگەی گفتوگۆ لەگەڵ عێراق كراوە دەبێت. بە ئەجێندایەكی كراوەوە و بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و سەرجەم بابەتەكان بۆ بوون بە دوو دراوسێی باش.

چوارەم: ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم دەستخۆشی لە سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كرد بۆ بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و سووربوونیان و یەكڕیزی و هاوهەڵوێستییان بۆ باشتر بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا و جەختیش كرایەوە كە بە یەكڕیزی بەسەر هەموو ئاستەنگەكاندا زاڵ دەبین.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم