هۆكاری وەستانی پەخشی كەناڵەكانی یەكێتی ئاشكرا دەبێت

:: PM:08:03:24/09/2017 ‌
چەند ڕۆژێكە و بۆ ماوەی چەند سەعاتێك پەخشی كەناڵەكانی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان دەوەستێت و تا ئێستەش هۆكارەكەی ڕوون نەكراوەتە.

وەستانی پەخشی كەناڵەكانی یەكێتی لەكاتێكدایە كە ماوەی چەند ڕۆژێكە كەرنەڤاڵی پشتگیریی سەربەخۆیی كوردستان لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان بەڕێوە دەچێت و بە پێی بەدواداچوونەكانی "وشە"، لەكاتی بەڕێوەچوونی كەرنەڤاڵی پشتگیریی سەربەخۆیی لە هەولێر لە ڕۆژی هەینی بەهەمان شێوە پەخشی كەناڵەكانی "گەلی كوردستان" و "كوردسات" و "كوردسات نیوز" نەبوو.

لەمبارەیەوە ئەمڕۆ یەكشەم 24ی ئەیلوول، حەمید سابیر بەرپرسی نووسینگەی كەناڵی ئئاسمانی "گەلی كوردستان" لە هەولێر بە"وشە"ی راگەیاند، پەخشی كەناڵەكان ئاساییە و تەنیا لە بەشی نایلسات كێشە لە قەمەرەكاندا هەیە.

زیاتر گوتی، ئەو كەناڵانە هەمووان یەك قەمەریان هەیە، بۆیە چەند ڕۆژێكە ئێواران سەعاتێك بەهۆی ئەو كێشەیەوە دەوەستن.

یەكەمجارە بەم شێوەیە ڕوونە كێشەی تەكنیكی ڕووبەڕووی كەناڵەكانی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان ببێتەوە كە بە ڕوونی لە دۆخی ئێستە هەستی پێ دەكرێت.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم