ریفراندۆم لە زاری رۆژنامەنووسێكی بەناوبانگی ئێرانی
عەرەبەكانی كەركووك سەرەڕای گوشاری حەشدی شەعبی بە بەڵێ دەنگیان دا

:: AM:11:27:27/09/2017 ‌


رەزا دیقەتی كە یەكێك لە فۆتۆگرافەرە بەناوبانگەكانی ئێرانە، لە چەند رۆژی رابردوودا بەمەبەستی رووماڵكردنی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان و گرتنی وێنەی دەگمەن سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و ئەوەی بە چاوی خۆی لەم ریفراندۆمە بینیویەتی بۆ "رادیۆ فەردا"ی دەگێڕێتەوە.

ئەو دەڵێت بەشداری لە ریفراندۆم و كۆمەڵێك هەڵبژاردنی تر لە وڵاتانی دنیا كردووە، بەڵام ئەوەی لە هەرێمی كوردستان لە نزیكەوە بینی، زۆر جیاواز بوو و وەك ئەوە وابوو نەتەوەیەك دوای دەیان ساڵ لە ئەشكەنجە و ستەم و زۆری لە رژێمێكی دیكتاتۆری رزگار بووبێت، بۆیە خۆشحاڵی و شادی ئەو خەڵكە بە زمان نایەتە دەربڕین.

رادیۆكە پرسیاری ئەوەی لە فۆتۆگرافەرەكە كردووە لە كاتی ریفراندۆم ئایا هەستی بەوە كردووە خەڵك لە ژێر گوشاردا بن و بەزۆر بهێنرێنە سەر سندووقەكانی دەنگدان، یان هەستی بە هیچ جۆرە خرووقاتێكی هەڵبژاردن كردووە؟

 ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت "من تەنیا هەستم بە یەك جۆر گوشار كرد لەم ریفراندۆمە، ئەویش لە كەركووك بوو و گرووپ و لایەنگرانی لایەنگری عێراق و حەشدی شەعبی، عەرەبەكانی كەركووكیان ئاگادار كردبووەوە لەوەی بە هیچ شێوەیەك نابێت بەشداری لەم ریفراندۆمە بكەن. من خۆم بە تایبەت بۆ گەڕەكێكی عەرەبنشین لە كەركووك چووبووم و بە چاوی خۆم بینیم كە عەرەبەكان بەقسەی ئەو گرووپانەیان نەكرد و و خۆیان هاتن و بە دەنگی بەڵێ بەشدارییان لە ریفراندۆم كرد."

ئەو هەروەها دەڵێت پرسیاری ئەوەی لە عەرەبەكان كردووە بۆچی بەشدارییان لە ریفراندۆم كردووە؟ ئەوانیش لە وەڵامدا گوتوویانە "ئێمە ئامادەین و حەز دەكەین سەربە هەرێمی كوردستان بین، بەڵام سەر بە عێراقێك نەبین كە لە لایەن حكوومەتی شیعەی ئێرانەوە كۆنترۆڵ كراوە و نامانەوێت بە هیچ شێوازێك لە ژێر دەستی شیعەی عێراق یان ئێراندا بمێنینەوە."

بە گوتەی ئەو رۆژنامەنووسە، ئەمە تاكە گوشار بووە كە هەستی پێ كردووە و كەس ناتوانێت حاشا لە خۆشحاڵی خەڵكی كورد بكات لە بڕیاری بەڵێ، چونكە ساڵانیكی درێژە ئەوان بە دەستی رژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق ئەشكەنجە و ئازار و دەربەدەرییان چێشتووە و ١٠٠ ساڵە ئەو خەڵكە ستەمی لێ دەكرێت و كۆمەڵكوژ دەكرێن، بەدیل گیراون لە بەندیخانەكان ئەشكەنجە دراون و ئەمەش وای كردووە خەڵك بە حەز و خۆشەویستییەكی زۆر تایبەتەوە پیشوازی لە ریفراندۆم بكەن.

رەزا دیقەتی ٤٠ ساڵە رۆژنامەنووسی فۆتۆگرافەرە و دەڵێت، بۆیە هاتووە رووماڵی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بكات، چونكە ئێرانییە و ئەوەش وا دەكات كە زیاتر لە وڵاتانی تری دنیا بایەخ بەو رووداوانە بدات كە لە وڵاتانی دراوسێی ئێران روو دەدەن. بە گوتەی دیقەتی لە كۆتای دەیەی هەشتاوە لەگەڵ كورد ئاشنا بووە و لە هەموو پارچەكانی كوردستانیش لە ٣٠ ساڵی رابردوودا چالاكی جۆراوجۆری هەبووە .

ئەو هەروەها گلەیی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات كە لەو ماوەیەدا وێنەكانی كوردستانی گواستووەتەوە، دنیا تەنیا لە كاتی جەنگدا باسی كوردی كردووە و لە جەنگی داعشیش هەر بە كوردی هەڵگوت. هەورەها دەڵێت "من لەو ماوەیەدا بۆم دەركەوتووە كە كورد نەتەوەیەكە فەرهەنگ و كولتوورێكی زۆر دەوڵەمەندیان هەیە و تەنانەت ئیمپراتۆری ئەو نەتەوەیە بۆ بەر لە ئیمپراتۆری ئەخەمینی فارسەكان دەگەڕێتەوە. كوردستان شوێنێكە كە هەموو ئاین و پێكهاتەكان زۆر ئازادانە دەتوانن بە یەكەوە بژین، جا شیعەین یان سوننە، مەسیحی بن یان جوو، هیچ كەسێك كاری بەوان نییە. حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش حكوومەتێكە بە هیچ شێوەیەك نایەوێت ئاین تێكەڵاوی سیاسەت بكات، ئەمانە هەمووی ئەو چرایەن كە دەتوانێت دۆخی ناوچەكە رووناك بكاتەوە و لەو تەنگژە مەترسیدارەی هەر لە كاتی دروستبوونی رژێمی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سەری هەڵداوە و بە پلان هەوڵ دراوە مەزەو و ئایدۆلۆجیای تایبەتی خۆی بسەپێنیت، رزگارمان بكات.

ئەو پێی سەیرە هیشتا وڵات هەن كە ئاین و سیاسەت تێكەڵ دەكەن، لە كاتێكدا ئەمە بەسەر چووە ئاین لەگەڵ سیاسەت و دەسەڵات تێكەڵ بكرێت.

پێویستە بگوترێت سەرەڕای ئەو هەموو گوشارەی لە لایەن وڵاتانی دراوسێ، عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خرایە سەر كورد بۆ ئەوەی ریفراندۆم دوا بخات، بەڵام ریفراندۆمی سەربەخۆیی بەڕێوە چوو و لە ریفراندۆمەكەش بە گوێرەی ئەنجامە بەرایییەكان، سەرووی ٧٢% بەشدارییان لە ریفراندۆمەكە كردووە و نزیكەی ٩٠%ی دەنگدەرانیش دەنگیان بە جیابوونەوە لە عێراق داوە و داوای سەربەخۆیی هەرێمی كوردستانیان كردووە.




وشە - سلێمان تاشان