سكای نیوزی بەریتانی:
پێویستە حكوومەتی لەندەن پشتیوانی سەربەخۆیی كوردستان بكات

:: PM:01:51:27/09/2017 ‌
كەناڵێكی بەریتانی لە بابەتێكدا ئاماژە بەوە دەكات، پێویستە لەندەن و واشنتن بە خێرایی دەرفەتەكە بقۆزنەوە، چونكە لە كۆتا توركیا دان بە ڕیفراندۆم و پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان دەنێ و ڕووسیاش لە نائامادەیی ڕۆژئاوا، تەواوی كەرتی وزەی ناوچەكە دەخاتە ژێر ڕكێفی خۆی و پێگەی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قایمتر دەكات، بۆیە دەبێ ئەمەریكا و بەریتانیا قبووڵی واقیعەكە بكەن و دان بە ئەنجامی ڕیفراندۆمەكە بنێن و ببن بە نزیكترین و بەهێزترین دۆستی هەولێر.

ئەلیستەر بنكال پەیامنێر و ڕۆژنامەنووسی تایبەت بە بواری بەرگری و هێزە چەكدارەكان لە كەناڵی سكای نیوزی بەریتانی بابەتێكی بڵاو كردووەتەوە و دەڵێ، دوای هەموو هەڕەشەكان كوردستان ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجام دا و ناوچەكەیش كۆدەنگیان لە نێوان دروست بووە بۆ بەرهەڵستی ئەنجامی ڕیفراندۆمە، بەرپرسێكی حكوومەتی بەریتانیا پێی گوتووم، لە كۆتادا ئێمەیش لەگەڵ شەمەندەفەری كوردەكان دەبین، هەرچەندە بەریتانیا تەواو خۆپارێزە لەو پرسە.

ئاماژەی داوە، ئێران سنوورەكانی بە كراوەیی هێشتووەتەوە، بەڵام ئاسمانی وڵاتەكەی بە ڕووی گەشتە ئاسمانییەكان بۆ كوردستان داخستووە، توركیا هەڕەشەی وەستاندنی هەناردەی نەوتی كوردستان دەكات، بەغدایش داوا دەكات هێزەكانی بۆ ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان و كەركووك بنێرێت، بەریتانیا و ئەمەریكایش بە خۆپارێزی و ئارامییەوە مامەڵە دەكەن، سەرەڕای ئەوەی هەموو هەوڵەكانیان شكستی هێنا بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم، تا ئێستە داتای كۆتا نییە، بەڵام ئەوەی ڕاگەیەنراوە ڕێژەی بەشداری زیاتر 70%یە.

ئەو ڕۆژنامەنووسە دەڵێ، هەرچەندە ڕیفراندۆم دەسبەجێ هەنگاوی جیابوونەوەی بەدوادا نایەت، پشتیوانانی سەربەخۆیی لە كوردستان دەیانەوێ پرۆسەكە بە ئارامی و گفتوگۆ بەڕێوە بچێ و گرفت نابێ ماوەیەكی زۆریش بۆ دانوستاندن تەرخان بكرێ تا پرسەكە بە ئاشتییانە یەكلا دەبێتەوە، ئەمەیش وا دەكات جیابوونەوەكە ئاسایی بێ و ئاسایشی ناوچەكە نەشێوێنێت.

لەبارەی بۆچوونی ئێران و توركیا وەك دوو دراوسێی كوردستان ئەلیستەر بانكال دەڵێ، بارزانی و تیمەكەی  بە تەواوی سەرقاڵن، كاتیان دیاری كرد و بەڵێنیان دا و ئەمەیشیان بەجێ گەیاند، تەواوی ئەو ناڕەزایەتییانەی ئەنكەرە و تاران دەری دەبڕن، ناكرێ بەردەوام بن، بێگومان گفتوگۆی تریش هەیە لە پشت بۆچوونە فەرمییەكانەوە، ئەگەر ئێران و توركیا لەسەر ئەو پرسە سوور بن لەسەر بۆچوونەكانیان ڕێیەكی قورس هەڵدەبژێرن، بۆیە ئەستەمە ئەو كارە بكەن. پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و ئەنكەرە ستراتیجین، بەڵام زۆر گەرم نین، بەگوێرەی ئامارەكان زیاتر لە هەزار و 400 كۆمپانیای توركیا لە كوردستان كار دەكەن و ئاڵوگۆڕی بارزگانی دەگاتە دوو ملیار دۆلار.

چاودێر و پسپۆڕێكی بواری توركیا پێی گوتم، توركیا یەكەم وڵات دەبێ پشتیوانی لە ئەنجامی ڕیفراندۆمەكە دەكات، ئەمە كارێكی زۆر بوێرانە دەبێ و هیچ كەس پێشبینی ناكات، لە بەرامبەر ئەمەیشدا ئەنكەرە داوای زۆری لە هەولێر هەیە، بەتایبەت لە بەشداربوونی كارای توركیا لە پرۆسەی دەرهێنان و هەناردەكردنی گازی سروشتی كوردستان بۆ توركیا. ئێران زۆرترین خۆپارێزی لەسەر پرسەكە هەیە و دەترسێ پرسی سەربەخۆیی كوردەكانی عێراق ببێتە هۆی ناكۆكی و شەڕ دژی حكوومەتی وڵاتەكەی لەلایەن كوردەكانی ناو خاكی ئێران، بۆیە ئەمە هۆكاری سەرەكیی دژایەتیكردنی ریفراندۆمی كوردستانە، ئەگەر بیر لەوە بكاتەوە هەڵمەتی سەربازی بەرپا بكات، ئەوە بە تەواوی لەلایەنی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕەتكراوە دەبێ، جگەلەوەیش ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەكە دژی تاران بە تەواوی كارا دەبن.

لە كۆتادا ئەو ڕۆژنامەنووسە دەڵێ، هەرچەندە لەندەن و واشنتن هەوڵیان دا پرۆسەكە بوەستێنن، بەڵام ئێستە پێویستە ڕەزامەندی بۆ ئەنجامەكەی دەرببڕن، ژیری ئەوەیە ببن بە نزیكترین و باشترین پارێزەری هەولێر، تەماشاكەر نەبن توركیا نزیك و نزیكتر ببێتەوە، خراپتر لەمەیش ئەگەر ڕۆژئاوا بێدەنگ بێ، ئەوا دەرفەتێكی گەورە بە ڕووسیا دەبەخشێ، مۆسكۆ بە تەواوی دۆخەكە دەقۆزێتەوە و ژێرخانی نەوت و وزەی ناوچەكە بۆخۆی كۆنتڕۆڵ دەكات و پێگەی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست فرەوانتر دەكات، بۆیە كۆماری كوردستان پێویستی بە دۆستی بەهێز دەبێ بۆ ئەوەی سەركەوتوو بێ، بە جۆرێك فشار لەسەر بەغدا بكەن بە دانوستاندن ڕازی ببێ، دەرگەیش بۆ بەریتانیا كراوەیە تا ئەو ڕۆڵە بگێڕێ، لەسەر لەندەن پێویستە واز لە خواستە كۆنەكانی بێنێ بەرامبەر بە ئەنكەرە و تاران و بەغدا، ئەگەر بەدەم داواكانی كوردەوە نەیەن، ئەوان بێگومان چاوەڕێ دەكەن لایەنی تر بەدەم داواكانیان بێ، ئەمەیش لە بەرژەوەندی بەریتانیا نییە.

وتاری ئەم ڕۆژنامەنووسە لە گۆشەی "سكای ڤیوس"ی پێگەی فەرمی سكای نیوزی بەریتانی بڵاو بووەتەوە كە گوزارشت لە بۆچوونی دامەزراوەكە دەكات، هەموو بەیانییەك نووسەر و ڕۆژنامەنووسانی سكای نیوز بابەتی لەسەر پرسە گەرمەكان لێ بڵاو دەكەنەوە.

سەرچاوە/سكای نیوز.



وشە - باز ئه‌حمه‌د