میلیشیاكان داگیركەر نین
بەرپرسێكی گۆڕان:پێشمه‌رگه‌ شۆڕشگێر نییه‌ و نابێ شه‌ڕ بكات

:: AM:11:16:21/10/2017 ‌
ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان پشتیوانی لە هێرشی میلیشیاكان و سوتاندنی ماڵی كوردەكان لە خورماتوو و تاڵانی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی تر دەكات و دەڵێ، ئەوانە هێزی داگیركەر نین و ستەم لە خەڵك ناكەن، ئەمەیش لە كاتێكدایە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی جیهانی دووپاتی كردووەتەوە كە میلیشیاكان ڕەشبگیری كورد دەكەن و ماڵەكانیان تاڵان دەكەن و دەیسووتێنن.

عەبدوڵای كوێخا موبارەك ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نووسیویەتی، لێرەوە بە هەموو لایەك دەڵێم بە هیچ شێوەیەك حەشد بە داگیركەر نازانم بە هۆی عەرەب بوونییەوە، ئەگەر زوڵم لە خەڵك نەكات و پێشمەرگەیش بە شۆڕشگێڕ نازانم.

هەروەها دەڵێ، داوا لە پێشمەرگە دەكەم بە كوردایەتیی هەڵنەخەڵەتێن و شەڕ نكەن، خەڵكی هەولێریش پێویستە فریو نەخۆن و پێویستە لە دژی حكومەتی كوردستان ڕابپەڕن. 

ئەو قسانەی بەرپرسەكەی گۆڕان لەكاتێكدایە بەهۆی ناپاكی گرووپێكی ناو حزبێكی سیاسی كوردستان، بەشێكی زۆری خاكی كوردستان كەوتە دەست حەشدی داگیركەر، كە دەستدرێژی سێكسی دەكەنە سەر ژن و كچانی كورد و ماڵی كورد تاڵان دەكەن و دەیسووتێنن و هەڕەشە لە هەر هاووڵاتییەكی كورد دەكەن، جگەلە ناپاكەكان. بەڵام ئەندامەكەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان پشتیوانی میلیشیاكان دەكات و قسەكانی هاوئاوازی گرووپە ناپاكەكانە، كە حەشد بە هێزێكی نیشتمانی ناو دەبەن و پشتیوانیان بۆ دەستدرێژی كردنە سەر كچ و ژنانی كورد و سووتانی ماڵی كوردان.





وشە - باز ئه‌حمه‌د