سبەی لە هەولێر خۆپێشاندانە

:: PM:09:59:21/10/2017 ‌
بڕیارە سبەی ژمارەیەكی زۆر لە پارێزەران لە شاری هەولێر لەبەردەم دادگا گردبوونەوەیەكی ناڕەزایەتی ئەنجام بدەن، دژی بڕیارەكانی دەدگای عێراق.

ئەمڕۆ شەموو 21ـی تشرینی یەكەم، بەگوێرەی ئەو ئاگەدارییەی بۆ "وشە" نێردراوە تیایدا هاتووە، سبەی یەكشەم گردبوونەوەیەكی پارێزەرانی لقی هەولێری سەندیكای پارێزەرانی كوردستان هەیە بۆ داكۆكیكردن لە كەیسی گرتنی كۆسرەت رەسول عەلی.

لە بەشێكی ئاگەدارییەكەدا هاتووە، گردبوونەوەكە لە ناو دادگای هەولێر كە دەكەوێتە رێگەی مووسڵ لە سەعات نۆ و نیووی بەیانی ئەنجام دەدرێت.

ڕۆژی پێنجشەم دادگەی لێكۆلینەوەی ڕەسافەی بەغدا بڕیاری گرتنی بۆ كۆسرەت ڕەسوڵ جێگری گشتیی سكرتێری یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان دەركردووە بە تۆمەتی دەربڕینی ڕای خۆی لەسەر ڕووداوەكانی كەركووك.

لای خۆیەوە مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، ئەو بڕیارەی دادگەی ڕەسافە كە بڕیارێكی سیاسییە بە ڕوونی پێشانی دەدات كە عەقلیەتی باڵادەست لە بەغدا بە چ شێوەیەكە. گەلێك ڕای خۆی بە ئاشتییانە دەرببڕێت دەبێ سزای بەكۆمەڵ بدرێت؟، كەسێك ڕای خۆی دەرببڕێت دەبێ بگیرێت؟. هەر ئەو عەقلییەتەیە وای كردووە كەس نەتوانێ لەگەڵیاندا بژیت.



وشە - رامیار جەواد