بەوێنە.. لە سۆران كۆمەككردنی لێقەوماوانی كەركووك بەردەوامە

:: PM:10:27:21/10/2017 ‌

لەسەر بانگەوازی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە مەبەستی بەدەنگەوەچوونی لێقەوماوانی كارەساتی كەركووك و دەورووبەری، بەڕیِوەبەرایەتی ئەوقافی سۆران و لقی سۆرانی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان، هەڵمەتێكی كۆكردنەوەی كۆمەك و هاوكاری لە رێگای مزگەوتەكان ئەنجام دا.

وەیسی سەعید وەیسی بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆران بە "وشە"ی راگەیاند": وەك ئەركێكی ئاینی و نیشتیمانی بە پێویستمان زانی هەڵمەتی كۆكردنەوەی كۆمەك و هاوكاری ئەنجام بدەین بۆ خەڵكی لێقەوماوی كەركووك و دەورووبەری كە بەهۆی داگیركردنی شاری كەركووك لەلایەن حكوومەتی حەیدەر عەبادی و حشدی شەعبییەوە شارەكەیان لێ داگیر كراوە.

بە پێی زانیارییەكان رێژەیەكی كەم ماڵی كەركووكی هاتوونەتە سۆران و لەلایەن خەڵكەوە پێشوازی گەرمییان لێ كراوە و هاوكاری كراون، ئەو هاوكارەی كە لە سنووری ئەوقافی سۆران كۆكراوەتەوە بەهۆی زۆری كۆمەك و كەلوپەلەوە لەرێگەی لێژنەێكی تایبەتەوە بۆ لێقەوماوانی كەركووك كە نیشتەجێی شاری هەولێرن، رەوانە دەكرێت . بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆران وای گوت.

مامۆستا وەیسی دووپاتی كردەوە، دەرگەی مزگەوتەكانی سنووری ئەوقافی سۆران بە روویاندا كراوەیە هەركاتێك ویستی یان دەتوانن سوود لە مزگەوتەكان ببینن، بە هەموو شێوەیەك لە خزمەت لێقەوماوانی شاری كەركووك دەبین.

لە بەشێكی تری لێدوانەكەیدا، بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆران سوپاس و پێزانینی خۆی و وەزارەتی ئەوقافی ئاراستەی مامۆستایانی ئاینی و خەڵكی ئاینپەروەر و مرۆڤدۆستی سنوورەكە كرد بۆ بەدەنگەوە هاتنیان بۆ هەڵمەتەكە، كە ئەمەشیان ئەركێكی ئاینی و نەتەوەیی و مرۆڤدۆستی بوو كە لە رابردووشدا خەڵكی تێكۆشەری سۆران هەمیشە بەدەنگ لێقەوماوانەوە چووینە.

ئەمڕۆ شەموو، نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد كە بە هۆی رووداوەكانی پردێ و دووز و كەركووك، زیاتر لە 84 هەزار هاووڵاتی ئاوارە بوون و روویان لە هەولێر كردووە و داوامان لە نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە هاوكاریمان بكەن و بە شانازییەوە سەرەڕای پاڵەپەستۆكان و دۆخی دەروونی، پێشوازیكردن لە مێوانەكانی هەولێر بەردەوام بووە.

سۆران/ موڕشید برادۆستی



















وشە - مه‌حموود ئیسماعیل