ناپاكەكان واژووی ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی ساختە دەكەن

:: PM:09:17:23/10/2017 ‌
ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئاشكرای دەكات كە هیچ واژوویەكی نەكردووە لەسەر هیچ رێككەوتن و نووسراوێك ئەوەیشی بڵاو كراوەتەوە واژووی ئەو نییە و ساختە كراوە.

ئەمڕۆ دووشەم 23ـی تشرینی یەكەم، جەمیل هەورامی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لە ڕوونكردنەوەیەكدا ڕای گەیاند، لە پێناو هیچ شتێكیدا ئامادە نەبووە سازش بكات و دەڵێ" لە پێناو هیچ شتێكیدا ئامادە نەبووم سازش بكەم چجای ئەوەی كە سازش لە نیشتمانێك بكەم كە هەموو تەمەنی خۆم لە پێناو پاراستنیدا داناوە ئەوە مێژوو شاهیدی ئەم راستییە و خەباتی من دەدات".

هەورامی لە ڕوونكردنەوەكەی دەڵێت، واژووم لەسەر هیچ رێككەوتن و نووسراوێك نەكردووە و كەس بەندەی ئاگەدار نەكردووەتەوە لە بابەتێكی لەم شێوەیە، هەروەها لەسەرەتای شەڕی داعشەوە "وەك پێشمەرگە لە سەنگەرەكانی پێشەوە بووم و ئێستەش تەمەن رێگە بدات هەر پێشمەرگەی پاراستنی خاك و نەتەوەكەمم".  

دوای رووداوەكانی شاری كەركووك باڵێكی یەكێتی كە بە ناپاكەكان ناسراون نووسراوێكیان بڵاو كردەوە كە لە كۆی 50 ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی 38ییان ڕازی بوون بە بڕیاری كشانەوە و ڕێككەوتن لەگەڵ چەكدارانی حەشدی شەعبی، بەڵام هەورامی ڕەتی كردووە كە واژووی لە بابەتی وا كردبێت بۆیە پێ دەچێت ئەو واژووانەی كرابێت ساختە بێت بە مەبەستی شاردنەوەی ڕێككەوتنی بە دەستەوەدانی شاری كەركووك لەلایەن بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی و چەند كەسێكی تری یەكێتی.







وشە - رامیار جەواد