دابەشكردنی نەوت دەستی پێ كرد

:: PM:08:08:26/10/2017 ‌
حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستی بە دابەشكردنی نەوتی ماڵان لە ناوچە شاخاوییەكانی دەڤەری سۆران لە سنووری پارێزگای هەولێر كرد، بەرپرسێكی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی هەولێر وادەی دابەشكردنی نەوت لە سەنتەری شار و شارۆكەكان ئاشكرا دەكات.

ئەمڕۆ پێنجشەم 26ـی تشرینی یەكەم، لە دەڤەری سۆران، كە هەر چوار شارۆكەی سۆران و مێرگەسوور و چۆمان و ڕواندز لەخۆ دەگرێت نزیكەی 86 هەزار سەر خێزان كەمافی وەرگرتنی نەوتییان هەیە و  بۆ هەر ماڵێك یەك بەرمیل نەوت دابەش دەكرێت، لە دەست پێكدا لە ناوچە شاخاوییەكانی هەردوو شارەدێی حاجی ئۆمەران و سیدەكان لە سنووری دەڤەرەكە نەوت دابەش كرا.

موحسین باڵەكی پشكێنەری لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی دەرەوەی هەولێر بە " وشە "ـی ڕاگەیاند، ساڵانە بەر لە وەرزی زستان نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەكرێت، ئەم ساڵ لەسەر لیستی مانگی شەشی ساڵی 2017 دەستمان بە دابەشكردنی نەوت كردووە، لە ماوەی دوو رۆژدا توانرا شارەدێی حاجی ئۆمەران بە تەواوی و دەورووبەری شارۆكەی چۆمان نەوتیان بەسەر دابەش بكرێت.

هەر ئەمڕۆ پێنجشەم وەجبەی یەكەمی نەوتی ماڵان گەیشتووەتە شارەدێی سیدەكان سەر بە شارۆكەی سۆران و نیوەی هاووڵاتییان لەو وەجبەیەدا نەوتییان بەسەر دابەش كراوە و لە ماوەی كەمتر لە 20 رۆژی تر وەجبەی دووەمی نەوت دابەش دەكرێتەوە و ئەوەی نەوتی وەرنەگرتبێت سوود مەند دەبێت لە بەشە نەوت موحسین باڵەكی وای گوت.

 پشكێنەرەكەی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی دەورووبەری هەولێر دەڵێت، پلانی ئێمە وەك بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی دەرەوەی هەولێر لە دەست پێكدا دابەشكردنی نەوتە لە ناوچە شاخاوییەكان و شوێنە ساردەكان، هەروەها بۆ هەر بەرمیلێك نەوت بڕی 53 هەزار دینار لە هاووڵاتییان وەرگیراوە و لەو بڕە پارەیەدا سێ هەزار بۆ بریكاری خۆراك و شوفێری تانكەری گواستنەوەی نەوتە، ئێستە 392 هەزار لیتر نەوت لە شارەدێی حاجی ئۆمەران و سیدەكان بەسەر هاووڵاتییان دابەش كراوە، دوای تەواوبوونی ناوچە شاخاویەكان لە سەنتەری شار و شارۆكەكان نەوت دابەش دەكرێت و بەردەوام دەبێت.

سۆران/ موڕشید برادۆستی 



وشە - رامیار جەواد