ڤانە لە ماڵەوە ڕای كرد و شووی بە خۆشەویستەكەی كرد

:: AM:11:38:29/10/2017 ‌

ژنێكی تەمەن ٢٩ ساڵ دوای ئەوەی لەگەڵ خۆشەویستەكەی دەڕوات و بە بێ ڕەزامەندی و ئاگاداری ماڵەوەیان هاوسەرگیری دەكات، دوای ساڵێك لەو هاوسەرگیرییە، بە بەردەوامی كێشە لە نێوانیان دروست دەبێت، ئێستە خاوەنی دوو منداڵن كێشەكانیان گەورەتر بوون، ماڵی باوكی ئەو ژنە قبووڵ ناكەنەوە و لەگەڵ مێردەكەشیدا ناگونجێن، بۆیە ئێستە چارەنووس ئەو ژنەی بە خانەی داڵدەی ئافرەتان (شەڵتەر) سپاردووە.

ڤانە، ناوی خوازراوی ئەو ژنەیە، ماوەی چەند مانگێكە لە خانەی داڵدەی ئافرەتان (شەڵتەر)ە و چاوەڕوانی ئەوە دەكات مێردەكەی بە داواكەی ڕازی ببێت و تەڵاقی بدات و منداڵەكانێشی پێ بدات، تا بتوانێت دووبارە ژیانێكی نوێ دەست پێ بكات، ڤانە چیرۆكی ژیانی خۆی بۆ (وشە) باس دەكات و دەڵێت، دوای ئەوەی لەگەڵ ماڵێ باوكیشیدا پێك هاتوونەتەوە (سوڵحیان كردووە) كێشەكانم چارەسەر نەبوون و دایكم پێی گوتم، چۆن لەگەڵی ڕۆیشتی ئاواش چارەسەری كێشەكەی خۆت بكە.

تەمەنم ٢٠ سال بوو پێوەندیم لەگەڵ كوڕێك كە دووكانی جوانكاری ئافرەتانی هەبوو دانا، چەند جار لەگەڵ دایكم و خوشكەكەم قسەم كرد كە من (سیروان)م خۆش دەوێت و دەمانەوێت هاوسەرگیری بكەین، بەڵام ئەوان گوێیان بۆ نەگرتم و هەموو جارێك ڕەتیان دەكردەوە و پێیان دەگوتم، نابێت و ئێوە بۆ یەكتر گونجاو نین.

زیاتر دەڵێت، نەگونجانەكەی ئێمە و ماڵی سیروان هۆكارەكەی جیاوازی بیر و ڕای ئاینی بوو، ماڵی ئێمە  زۆر پابەندی ئاین بوون، ماڵی سیروانیش زۆر كراوە بوون، بۆیە هەمیشە بابەتی هاوسەرگیریمان ڕەت دەكرایەوە، ئێمەش كاتێك زانیمان هیچ سوودی نییە، دوای ساڵێك لە چاوەڕوانی ڕازیبوونی ماڵی باوكی مندا، ئیتر بڕایارمان دا و بەیەكەوە ڕۆیشتین و هاوسەرگیریمان كرد.

ڤانە باس لەوە دەكات كە ژیانی پێچەوانەی ئەوە بووە كە سیروان و لەوێ لەگەڵ ماڵی باوكی ئەودا بەیەكەوە دەژین، پێشتر سیروان بەڵێنی پێ داوە و هەمیشە ناخۆشی لە نێوانمان هەبوو، خەسووم سەرەتا زۆر خراپ بوو، بەڵام من چونكە هەموو كەسی خۆم حاشایان لێ كردبووم بە هەموو جۆرێك هەوڵم دەدا لەگەڵ ئەواندا خۆم بگونجێنم و شوێنی خێزانی خۆمیان پێ پڕ بكەمەوە.

ئاماژە بەوەش دەكات كە كێشەكانی ئەو زیاتر لەگەڵ سیروان بووە و دووپات لەوەش دەكاتەوە كە سیروان نەخۆشیی دەروونی هەبووە و تا ئێستەش چارەسەری دەروونی وەردەگرێت. ئەو دەڵێت هەمیشە لێی دەدام و دەری دەكردم لە ژوورەكەمان دوای چەند سەعاتێك وەك منداڵ دەهات و بەدەنگی بەرز هاواری دەكرد و دەپاڕایەوە. چەندان جار لەبەر گریان و هاواری ئەو جگە لە ماڵی خەسووم دراوسێكانیش هاتوون بە هانامانەوە.

هەروەها گوتی، هەموو كات دانم بەخۆم دەگرت، دەمگوت وازم لە هەموو كەس هێنا ئێستە دەبێت قبووڵی هەموو شت بكەم، ئەوە چارەنووسی هەموو ئەوانەیە كە بەبێ ویستی ماڵەوە هاوسەرگیری دەكەن و لەگەڵ كوڕێكدا دەڕۆن كە ژیانی بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ لە نێوان ترسی كوشتنی و دۆزینەوەیاندا بەسەر دەبات.

دوای ئەوەی چەند جارێك گەورەكانی هەردوو خێزانەكە كۆ دەبنەوە كۆتا بە كێشەی نێوان ڤانە و ماڵی باوكی دەهێنن، بەڵام ڤانە دەڵێت ئەوە تەنیا قسەی ناو دیوەخانی پیاوەكان بووە، چونكە هەرگیز نێوانمان وەك یەكەم جاری لێ نەهاتەوە و من نەبوومەوە بە كچەكەی جاران لە ماڵی باوكمدا.

دوای ئەوەی دوو كچەكەشم لە دایك بوون، كێشەكانی من و سیروان بەچارە نەگەیشتن، بەڵكو گەورەتر بوون، چونكە سیروان جگە لە خۆم ئازاری دوو كچەكەشی دەدا و هیچ كات وەك پیاو هاوسەر نەبوو، جگە لەوەی هەمیشە تووڕە بوو و دڵپیس و ڕەزیل بوو، كار گەیشتە ئەوەی ئیتر ژیان لەگەڵیدا نەدەكرا، من ماڵی باوكمم ئاگادار كردەوە، بەڵام دایكم پێی گوتم زمانت دەبڕم، چۆن بەدوای كەوتی ئاواش بڕۆ خۆت لەگەڵی بگونجێنە.

ڤانە باسی ئەوە دەكات كە ئەوە سێیەمین جاریەتی دێتە شەڵتەر بێ ئەوەی هیچ هەڕەشەیەكی كوشتن یان توندوتیژی لەسەر بێت، بەڵام لەبەر ئەوەی كەس نایگرێتە خۆیی و ناشیەوێت لەگەڵ مێردەكەیدا بێ كە نەخۆشیی دەروونی هەیە و ترسی ئەوەی هەیە جارێك لەژێر دەستیدا خۆی یان منداڵەكانی شتێكیان لێ بێت، بۆیە دەیەوێت لێی جیا ببێتەوە و ژیانێكی پارێزراو بۆ خۆی و منداڵەكانی دابین بكات.

سیروان بە جیابوونەوەی لە ڤانە ڕازی نییە و پێی گوتووە بەهیچ شێوەیەك لێی جیا نابێتەوە، ئەگەر جیاش ببێتەوە، ئەوا ئەو ناهێڵێت منداڵەكان لە دادگا بدرێت بە ڤانە. ئەو دەڵێت هەڕەشەی ئەوەی لێ كردووە كە كەیسی ڕەوشت خراپی لەسەر دروست دەكات لە دادگا بۆ ئەوەی لە منداڵەكانی بێبەری بكات.

 ڤانە دەڵێت ئەم جارە ناگەڕێمەوە لای، تەنیا خەمی گەورەم منداڵەكانە، بۆیە دەمەوێ لێرە لە ڕێی بەرپرسانی شەڵتەر و پارێزەرەكانیانەوە لە دادگا منداڵەكانم پێ بدرێتەوە و ئەوكات لە شەڵتەر دەچمە دەرەوە و كار دەكەم و بە ئارەقی ناوچاوانم خۆم و كچەكانم بە ئاسوودەیی دەژین.

هەولێر/ئیڤان عەبدوڕەحمان.



وشە - باز ئه‌حمه‌د