هەڵمەتی بە شیعەكردنی سلێمانی بە فەرمی دەستی پێ كرد

:: AM:08:58:04/11/2017 ‌

بڵاوبوونەوەی چەند وێنەیەكی فەرمانگەیەكی حكوومی لە شاری سلێمانی، كە لافیتەیەكی بە وێنەی هەڵواسیوە و وێنەی ئیمام حوسێنی لەسەرە و لەگەڵیدا نووسراوە "یا قەمەر"، هاووڵاتییان و چاودێرانی لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بە چڕی هێناوەتە دەنگ و هەمووان ئاماژە بەوە دەكەن، ئەمە دەسپێكی پرۆسەی بە شیعەكردنی شاری سلێمانییە.

بەگوێرەی ئەو وێنانەی لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بڵاو كراونەتەوە، لە فەرمانگەی تاپۆی یەكی شاری سلێمانی كه‌ ده‌كه‌وێته‌ گه‌ڕه‌كی شه‌هیدانی سه‌رچنار، لە ڕووی دەرەوەی باڵەخانەی فەرمانگەكە، لافیتەیەكی وێنەیەیی كە وێنەی ئیمام حوسێنی لەسەرە و لە تەنیشتییەوە نووسراوە "یا قەمەر"، كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و زۆر لە چاودێران و بەكارهێنەرانی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی وێنەكانیان بڵاو كردووەتەوە و دووپات لەوە دەكەنەوە، كە ئەمە هەڵمەت و پرۆسەی بە شیعەكردنی شاری سلێمانییە و بە فەرمی دەستی پێ كردووە.

بڵاوكردنەوەی ئەو وێنانە لە سەنتەری شاری سلێمانی لە كاتێكدایە، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و پاسداری ئێرانی دوای ئەوەی لە ئەنجامی ناپاكییەكەی 16ی ئۆكتۆبەر دەستیان بەسەر كەركووك و خورماتوو گرتەوە، ئەو ناوچانەیان بە ئاڵای شیعەگەرایی و وێنەی خومەینی و خامنەیی و ئیمام حوسێن و ئیمامەكانی تری شیعە داپۆشیوە، ئەمەیش سەپاندنی بە شیعەكردنە بەسەر خەڵكی ناوچەكە و گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەكانە.

پێشتر بە بەرنامە و پلانێكی ستراتیجی كە لە تارانەوە نەخشەی كێشراوە، هێزەكانی سەر بە ئێران ڕێنوێنیی تەواویان پێ دراوە كە هەموو ئەو ناوچانەی دەبنە قووڵایی ستراتیجی ئێران و پێگەی ئێرانی لێ بە هێزە و دەكەونە سەر نەخشەی گەیشتی ئێران بە لبنان و دەریای ناوەڕاست، نەك هەر پێویستە كۆنتڕۆڵ بكرێن، بەڵكو دەبێ بە بەرنامەی دوورمەودا بە شیعە بكرێن.









وشە - باز ئه‌حمه‌د