كچه پێشمه‌رگه‌یه‌كی كورد له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆی، مۆزه‌خانه‌یه‌ك بۆ یاده‌وه‌ری و یادگارییه‌كانی شه‌هیدانی شه‌ڕی داعشی له ناوچه‌كه‌ی خۆیان كردووه‌ته‌وه و ده‌یه‌وێ له ڕێی كاره‌كه‌یه‌وه قاره‌مانێتیی پێشمه‌رگه بگه‌یه‌نێته دنیا.
شادی محێدین هه‌ركی سه‌رپه‌رشتیار و دامه‌زرێنه‌ری مۆزه‌خانه‌ی یاده‌وه‌ری و یادگارییه‌كانی شه‌هیدانی سۆرانه به "وشه"ی گوت، ویستم وه‌ك وه‌فایه‌ك بۆ ئه‌و خوێنه‌ی له پێناو كوردستان ڕشتوویانه، خزمه‌تێكی بچووكی شه‌هیدانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره و كه‌سوكاره‌كانیان بكه‌م و خۆشم به خۆشحاڵ و شه‌ره‌فمه‌ند ده‌زانم كه توانیم له رێی كردنه‌وه‌ی مۆزه‌خانه‌یه‌وه ئه‌م كاره بكه‌م.
زیاتر گوتی، له ده‌ستپێكی كردنه‌وه‌ی مۆزه‌خانه‌ی شه‌هیدان، هه‌زاران خه‌ڵكی ناوچه‌كه و ته‌واوی كوردستان و كه‌سایه‌تییه ناسراوه‌كان و هاوسه‌نگه‌ری شه‌هیدان و مامۆستا و قوتابییان سه‌ردانیان كردووه و تا ئێسته‌یش خه‌ڵك رۆژانه سه‌ردانی ده‌كات.
ئه‌و كچه پێشمه‌رگه‌یه كه هاوكات فه‌رمانبه‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كاروباری شه‌هیدانی سۆرانه، جیا له دروستكردنی مۆزه‌خانه و كۆكردنه‌وه‌ی كه‌لوپه‌لی شه‌هیده‌كان، "دره‌ختی شه‌هیدان"یشی دروست كردوه و ناوی ته‌واوی شه‌هیدانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ی له‌سه‌ر نووسیوه.
له مۆزه‌خانه‌ی شه‌هیدانی سۆران، وێنه‌ی 132 شه‌هیدی ده‌ڤه‌ری سۆران نمایش كراون، ژماره‌ی ته‌واوی ئه‌و شه‌هیدانه‌ی ده‌ڤه‌ره‌كه‌یه كه له شه‌ڕی دژ به داعش بوونه‌ته قوربانی، هاوكات كه‌لوپه‌لی سه‌ربازی و پێدوایستیی تایبه‌تی ژیانی رۆژانی پێشمه‌رگه‌كان كه پێش شه‌هید بوونیان به‌كاریان هێناوه وه‌ك، جلوبه‌رگ، پێڵاو، مۆبایل، ته‌زبیح، چه‌رخ، كاتژمێر، قه‌ڵه‌م و چه‌ند كه‌لوپه‌لێكی تر له ناو مۆزه‌خانه دانراون، ئه‌مه‌ش به هاوكاری كه‌سوكاری شه‌هیده‌كانمان هێنراوه‌ته مۆزه‌خانه و كه‌سوكاری شه‌هیدان شانازی به مۆزه‌خانه‌كه ده‌كه‌ن. شادی وای گوت.
كردنه‌وه‌ی ئه‌و مۆزه‌خانه‌یه له‌لایه‌ن كچه پێشمه‌رگه‌یه‌كی سۆران، وای كرد چه‌ندان خه‌ڵاتی ڕێزلێنان وه‌ربگرێ و شادی به شانازییه‌وه باسی ئه‌و خه‌ڵاتانه ده‌كات.
شادی محێدین هه‌ركی ساڵی 2013 له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوه‌كانی سۆران بووه‌ته فه‌رمانبه‌ر و له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له ئاواره‌ی له دایك بووه و له خانه‌واده‌یه‌كی پێشمه‌رگه‌یه .
سۆران، مورشید برادۆستی